مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان سەردانی بەرێوەبەرايەتی گشتی حەج وعومرەی هەرێم دەکات

ئەمرۆ 16ی ئاب 2021 شاندێکی باڵای مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان کە پێکهاتبوو لە بەرێزان د. عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان و مامۆستا مەلا جەلال خەیلانی جێگری سەرۆک و مامۆستا مەلا دلشاد گەڵالی ئەندامی مەکتەبی تەنفیزی بە مەبەستی پیرۆزبایی دەست بەکاربوون سەردانی بەرێز شێخ نیاز نەقشبەندی بەرێوەبەری بەرێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی هەرێم کرد.


لە دانیشتنێکدا بەرێز سەرۆکی یەکێتی زانایان پیرۆزبایی یەکێتی زانایانی ئاراستەی بەرێوەبەری بەرێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی هەرێم کردو هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست، هەروەک پاڵپشتی تەواوی لەپێناو سەرکەوتنی کارەکان بۆ دەبڕی و تەئکیدی لە پێویستی هەماهەنگی نێوان هەردوو دامەزراوە کردەوە، هەروەک باسی لەوەش کرد پێویستە بەرێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرە لە ئایندە بە میکانیزم و بەرنامەی تۆکمە لەخزمەت پرۆسەی حەج و حاجیان بێت، چونکە لە مەوسمی حەج ئەو پرۆسەیە لەرووی دینداری نەتەوەی کورد نمایندەی کوردستان دەکات لە ناو جیهانی ئیسلامی.


لەلایەن خۆشیەوە بەرێز شێخ نیاز نەقشبەندی بەرێوەبەری بەرێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی هەرێم سوپاس و خۆشحاڵی خۆی بە سەردانی شاندەکە دەربڕی و هەڵوێستی یەکێتی زانایانی بە گرنگ و گەورە وەسف کردو تەئکیدی لە هەماهەنگی و راوێژو کاری هاوبەش کردەوە.