زانایانی ئایینی شەقڵاوە بەشداری رێپێوانێك دەكەن


لەهەمان مێژوودا شاندیكی ناوچەی شەقلاوەی یەكێتی زانایان كە پێكهاتبوو لە بەرپرسی ناوچەو چەند ئەندامێكی ناوچەكە بە نوێنەرایەتی لقی شەقلاوەی یەكێتی زانایان بەشداریان كرد لە رێپێوانێك كە سازكرا لەبەردەم قائمقامیەتی قەزای شەقلاوە بۆ ئیدانە كردنی ئەو كارە تیرۆرستیانەی كە لو ماوەیەدا ئەنجام دران بەتایبەتی بەرامبەر بە مەسیحیەكان لە بەغدا.

لە مەراسیمەكەدا بەڕێز مامۆستا مەلا سلێمان عولا بەرپرسی ناوچەی شەقلاوەی یەكێتی زانایان بە ناوی لقی شەقڵاوەی یەكێتی زانایان وتارێكی پێشكەش كرد، تێیدا روونی كردەوە، كە ئەنجامدانی ئەو كارانە تایبەت نییە بە مەسیحیەكان، بەڵكو ئەوانە لە یەك كاتدا موسڵمانان‌و مەسیحی‌و دینەكانی دیكە دەكەنە ئامانج‌و، لە هەمان كاتدا مزگەوت‌و كەنیسە‌و هەموو شوێنەكانی عیبادەت دەكەنە ئامانج، بۆیە ئێمە وەك مامۆستایانی ئایینی‌و وەك یەكێتی زانایان زۆر بە تووندی ئیدانەی ئەو كارە تیرۆریستییە دەكەین‌و، بە هەموو لایەكی رادەگەیەنین، كە ئەو كارە دژی ئایینی پیرۆزی ئیسلامە‌و، ئێمە‌و مەسیحیەكان لەوەتەی ئیسلام هەیە هەر پێكەوە دەژین‌و هیچ هێزێكیش ناتوانێت لێكمان بكات.

دواتر هەر یەك لە قائیمقامی شەقڵاوە‌و قەشەی شەقڵاوە وتاریان خوێندەوە، تێیدا زۆر بە گەرمی دەستخۆشانەیان لەو هەڵوێستەی زانایانی ئایینی‌و یەكێتی زانایان كرد‌و، تەئكیدیان كردەوە، كە ئیسلام لەو كارە بەرییە‌و، مامۆستایانی ئایینی ئیسلامیش بەو هەنگاوەیان زیاتر ئەو دڵسۆزی‌و پێكەوەژیانەی ئیسلامیان سەلماند.