سەرۆکی یەکێتی زانایان بەشداری سێیەمین سیمپۆزیۆمی کۆلێژی زانستە ئیسلامیەکانی زانکۆی سەلاحەدین دەکات

 ئەمرۆ 3ی11ی2021 بەرێز د. عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان بە یاوەری بەرێز مامۆستا مەلا جەلال خەیلانی جێگری سەرۆک، بەشداری لە سێیەمین سیمپۆزیۆمی کۆلێژی زانستە ئیسلامیەکان بەناونیشانی ( پێغەمبەرو لە دایکبوونی لە دیدی زانایان و شاعیران) لە شاری هەولێر کرد.


ئەم سیمپۆزیۆمە لە لایەن سەنتەری سەلاحەدینی ئەیوبی بۆ توێژینەوەو لێکۆڵینەوە ئیسلامیەکان لە کۆلێژی زانستە ئیسلامیەکانی زانکۆی سەلاحەدین رێکخرابوو، کە بڕیار وایە دوو رۆژ بخایەنێت و چەندین توێژینەوەی گرنگ و پەیوەست بە رۆڵ و هەڵوێستی زانایانی کورد لە ستایشی یادی لە دایکبوونی پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) لەلایەن چەند توێژەرو مامۆستایەکی زانکۆ پێشکەش بکرێن.


لە مەراسیمی دەسپێکدا بەرێز د. عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان وتارێکی پێشکەش کردو تێیدا دەستخۆشی ئاراستەی رێکخەرانی سیمپۆزیۆمەکەو سوپاسی توێژەرانی کردو باسی لە رۆڵ و کاریگەری و دیدی زانایانی لەبوارە جیاجیاکان و بەتایبەت لەرووی شیعرو ئەدەب و عیرفان و پەخشانەوە لە ناساندن و ستایش و وەسفی پێغەمبەری پێشەوا(درودی خوای لەسەر بێت) کردو چەندین نمونەی لە گەورە زانایانی کورد هێنایەوە، کە بوونەتە چرای رۆشنی رێبواری دەقی شیعری تایبەت بە یادو باسی ئەوسافی ئەو زاتەوە.


هەروەها لە بەشێکی قسەکانی سەرۆکی یەکێتی زانایان باسی لەوە کرد کە زانایان هەمیشە هەستی شیعرو پەخشانیان هەبووەو لەو چوارچێوەیەدا خۆشەویستی پێغەمبەریان کردۆتە هەوێنی شیعرەکانیان، نمونەی مەحوی و مەولەوی و بێخودو مامۆستای مودەریس و چەندانی تری هێنایەوە، کە شیعرەکانیان خزمەتێکی زۆری بە سەر کایەی ئەدەبی کوردی ناوەتەوە، هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە مەلوودنامەی کوردی کە لەسەر دەستی زۆرێک لە زانایان نوسراوەتەوەو ساڵانە لە یادی مەولوود دەخوێندرێنەوە، بەڵگەی ئەو راستیەیە کە زانایانی کورد لەرێی نووسین و شیعرو چوارینەوە شەرەفەرێکی گەورەیان بۆ کورد تۆمار کردووە.