سەرۆکی یەکێتی زانایان بەشداری وۆرکشۆپێکی زانکۆی نۆلج لە شاری هەولێر دەکات

رۆژی 1ی12ی2021 بەرێز د. عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان بە یاوەری شاندێک لە ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزی و بەرپرس و کارگێڕی لقی هەولێری یەکێتی زانایان بەشدار لە وۆرکشۆپێکی تایبەت بەناونیشانی ( توندوتیژی دژی ئافرەتان و کاریگەرییەکانی لەسەر کۆمەڵگە) لە هۆڵی زانستی زانکۆی نۆلج لە شاری هەولێر کرد.


ئەم وۆرکشۆپە لە لایەن زانکۆی نۆلج بەهەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی و یەکێتی زانایان رێکخرابوو، کە تێیدا ژمارەیەکی بەرچاوو لە زانایانی ئایینی و بەرپرسانی میری و پەرلەمانتارو مامۆستایانی زانکۆو رێکخراوەکانی ئافرەتان و قوتابیانی زانکۆ بەشدار بوون و وێڕای مەراسیمی دەسپێک لەلایەن چوار کەسایەتی ئەکادیمی و پسپۆر پانێڵی وۆرکشۆپەکە سەبارەت بە پرسی توندو تیژی و کاریگەرییەکانی لەسەر کۆمەڵگە بەرێوە چوو.


بەرێز د. عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان وتاری هاوبەشی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی و یەکێتی زانایانی پێشکەش بە ئامادەبووان کردو سوپاس و دەستخۆشی لە زانکۆی نۆلج و رێکخەرانی وۆرکشۆپەکە کردو تیشکی خستە سەر پرسی توندو تیژی و هەڵوێستی ئیسلام لەو بارەوە خستە ڕوو رایگەیاند: ئیسلام بایەخێکی زۆری بە خێزان و بڵاوکردنەوەی گیانی ئاسوودەیی و بەختەوەری و لێکتێگەیشتنی ئەندامانی خێزان داوەو هەموو جۆرە توندو تیژیەکی رەتکردۆتەوە، هیچ دەقێک لە قورئان و هەڵسوکەوت و رەفتارێکی پێغەمبەر (درودێ خوای لەسەر بێت) نیە، کە هاندەر بێت بۆ توندوتیژی.


هەروەها گوتی: دەبێ ئەوەش بزانین کە بەشی هەرە زۆری بابەتی توندوتیژی تێکهەڵکێشی نەریت و رەفتاری کۆمەڵگەیە بەرامبەر ئافرەتان، نەک ئیسلام فاکتەر بێت، چونکە ئیسلام بەهەموو شێوەیەک توندوتیژی و رەفتاری نامرۆڤانە رەت دەکات و خۆشەویستی و مەوەدەی کردۆتە بنەمای پێکهێنانی خێزان، لەو سۆنگەوە پێویستمان بە هۆشیاری پترە بۆ ئەوەی هەمووان هاوکار بین لە بنەبڕکردنی ئەم دیاردیە.


شایەنی باسە دواتر چوار بابەت لەلایەن بەرێزان (شێخ ئیبراهیم بەرزنجی و د. چنار سعد عبدالله و د. محمد سابیر گۆمەشینی و حاکم گەیلان سید احمد) لە پانێڵەکە پێشکەش کران و ئامادەبووانیش بە پرسیارو سەرنج وۆرکشۆپەکەیان دەوڵەمەندتر کرد.