مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایانی پێشوازی لە راگرو مامۆستایانی کۆلێژی زانستە ئیسلامیەکانی زانکۆی سەلاحەدین دەکات

 ئەمرۆ 31ی1ی2022 بەرێز د. عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان بە ئامادەبوونی مامۆستا مەلا جەلال خەیلانی جێگری سەرۆک و ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزی سەرکردایەتی، پێشوازیان لە شاندێکی فراوانی مامۆستاتایانی کۆلێژی زانستە ئیسلامیەکانی زانکۆی سەلاحەدین بەسەرۆکایەتی بەرێز د. ئیدریس گرتکی راگری کۆلێژی ناوبراو کرد.


سەرەتای دانیشتنەکە بەرێز د. عبدالله سەرۆکی یەکێتی زانایان وێرای بەخێرهێنان و دەربڕینی خۆشحاڵی، جەختی لە پێگەی گرنگی کۆلێژی زانستە ئیسلامیەکان کردەوە لە برەودان بە رەتی زانستی و ئەکادیمی و بواری پێگەیاندنی کادری بەتوانا بۆ خزمەتکردنی ئایین و نیشتمان، هەروەها گوتیشی: کۆلێژی زانستە ئیسلامیەکان دەسکەوت و شانازییەکی گەورەیە بۆ یەکێتی زانایان و کوردستان و بەچاوی رێزو تەقدیرەوە لە هەوڵەکانیان دەڕوانین.


لە بەشێکی تری قسەکانی سەرۆکی یەکێتی زانایان گوتی: لێک نزیکی و هەماهەنگی نێوانمان بۆ ئەنجامدانی کۆمەڵێک کاری هاوبەش و ئەکادیمی بناغەیەکی گرنگە بۆ ئەوەی لە ئایندە بتوانین خزمەتێکی شایستە و گرنگ پێشکەش بە کوردستان بکەین.


دواتربەرێز د. ئیدریس گرتکی راگری کۆلێژی زانستە ئیسلامیەکان لە وتەیەکدا سوپاسی خۆی و ستافی مامۆستایانی کۆلێژەکەی گەیاندە مەکتەبی تەنفیزی و رۆڵ و پێگەو کاریگەری یەکێتی زانایانی لە گۆڕەپانی کوردستان بە گرنگ وەسف کردو گوتیشی: یەکێتی زانایان و کۆلێژی زانستە ئیسلامیەکان دوو ناوی جیان بەڵام ئامانج و خاڵی هاوبەش و مەیدانی کارکردنیان یەکەو بە یەکەوەش دەتوانین کاری گرنگ و هاوبەش بکەین.


شایەنی باسە هەر لەو دانیشتنە کۆمەڵێک پرس و بابەتی پەیوەست بە هەردوولا پسەو باسی لێوە کراو تەئکید لە هەماهەنگی کاری هاوبەش کرایەوەو بڕیاریش وایە لە کۆتایی مانگی داهاتوو سیمپۆزیۆمێکی هاوبەش لەسەر رۆڵی فەتوا لە هەرێمی کوردستان ئەنجام بدرێت.