ئازادی ڕاده‌ربڕین یان سوكایه‌تی كردن به‌ ئیسلام‌و موسڵمانان

هه‌ر كاتێ‌ باسی ئازادی ده‌كرێت ده‌بێت باسی سنوری ئازادیش بكرێت، چونكه‌ ئازادی بێ سنور له‌ هیچ داب‌و نه‌ریت‌و ئایین‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك جێگای نابێته‌وه‌، بۆ نمونه‌ كاتێ‌ خوای گه‌وره‌ مرۆڤی هێنایه‌ سه‌ر زه‌وی و ئازادی پێ‌ به‌خشی، به‌ڵام سنورێكیشی بۆ دانا كه‌ ئه‌گه‌ر مرۆڤ ئه‌م سنوره‌ی شكاند ئه‌وا توشی سزای خودا ئه‌بێ‌، بۆیه‌ له‌م جیهانه‌ شوێنێك نیه‌ ئازادی ڕه‌های ڕێ‌ پێ‌ درابێت، به‌ جۆرێك كه‌ ئه‌م ئازادیه‌ ببێته‌ هۆی پێشێلكردنی ئازادی كه‌سانێك، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر پێناسه‌ی ئازادی بۆ مرۆڤ بكه‌ین ئه‌بێ‌ بڵێین: "هه‌موو مرۆڤێك ئازاده‌ تا ئه‌و شوێنه‌ی كه‌ ئازادی مرۆڤێكی تر ده‌ست پێ‌ ده‌كات" له‌م پێناسه‌ی ئازادی یه‌وه‌ گه‌ر كه‌مێك سه‌رنج بده‌ین له‌و كه‌سانه‌ی كه‌ به‌رده‌وام ڕه‌خنه‌ له‌ موسڵمانان و ئیسلام ده‌گرن وه‌ زۆر جار هێرش ده‌كه‌نه‌ سه‌ر خوا‌و پێغه‌مبه‌ره‌كه‌یان (د.خ) به‌مه‌ش هه‌ست‌و شعوری هه‌زاران موسڵمان بریندار ده‌كه‌ن، هه‌ركاتێكیش موسڵمانان هه‌ڵبستن به‌ وڵام دانه‌وه‌ی ئه‌م جۆره‌ نووسین و قسه‌و باسانه‌ ئه‌وا ڕاسته‌وخۆ موسڵمانان به‌ پێشێل كردنی ماف و ئازادی خه‌ڵك تۆمه‌ت بار ده‌كه‌ن‌و نیشانه‌ی پرسیار له‌سه‌ر قسه‌كانیان داده‌نێن، زۆر سه‌یره‌ له‌ ڕۆژگاری ئه‌مڕۆمان له‌م كوردستانه‌ بچوكه‌ ده‌یان شت ده‌بینین‌و ده‌بیستین‌و ده‌خوێنینه‌وه‌ كه‌ گوایه‌ ئه‌مه‌ ئازادی ڕاده‌ربڕینه‌، كه‌چی له‌هه‌مان كات دا ئازادی پێشێل كردووه‌، چونكه‌ سنوری ئازادی به‌زاندووه‌، به‌ڕاده‌یه‌ك كه‌ هه‌رچی پیرۆزی‌و موقه‌ده‌ساتی خه‌ڵك هه‌یه‌ به‌ ویژدانێكی بۆگه‌ن‌و به‌زمانێكی شڕی دوور له‌ ڕه‌وشتی نوسین و مرۆڤایه‌تی تێك و پێكی شكاندووه‌، هه‌موو جوانیه‌كانی خستووه‌ته‌ ته‌رازووی نه‌نگی‌و له‌نگیه‌وه‌، ئایا ئه‌مه‌یه‌ ئازادی كه‌ گوێ‌ به‌ هه‌ست‌و نه‌ستی هیچ كه‌سێك نه‌ده‌ی، وه‌ك "شه‌لم كوێرم هیچ نابوێرم" به‌ ئاره‌زووی خۆت فیكره‌ بۆگه‌نه‌كه‌ت بڵاوبكه‌یه‌وه‌‌و شانازیشی پێوه‌ بكه‌ی، كاتێ‌ پرسیاریشی لێده‌كرێ‌ كه‌بۆچی ئه‌م نوسینه‌ی نووسیوه‌، زۆر به‌ شانازی یه‌وه‌ ده‌ڵێت: بیروڕا ئازاده‌!! له‌وانه‌شه‌ خۆی به‌ موسڵمانێكی دین دار بزانێت، زۆر جار به‌ناوی ئازادییه‌وه‌ بێ‌ ئه‌ده‌بی وا ده‌كرێ‌ به‌رامبه‌ر موسڵمانان، كه‌ هه‌رچی سنوره‌ به‌زاندوویه‌تی، دیاره‌ ئه‌مه‌ش جگه‌ له‌ ڕای دڵێكی ژه‌نگ گرتوو و ناخێكی پڕ له‌ ڕق و كینه‌ به‌امبه‌ر موسڵمانان له‌هیچی تر ناچێت، گه‌ر سه‌رنجێكی مێژووی ئیسلام بده‌ین، ده‌بینین به‌ درێژایی ته‌مه‌نی ئیسلام نه‌یارانی ئیسلام و موسڵمانان به‌رده‌وام له‌ هه‌وڵ دابوونه‌ بۆ ناشیرین كرنی ئیسلام به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك، ئه‌وه‌ی له‌ توانایان دابێت كردوویانه‌ بۆ ئه‌وه‌ی وێنه‌ی ئیسلام لای جیهان تڵخ و ناشیرن بكه‌ن، بۆئه‌وه‌ی به‌ئامانجه‌ گڵاوه‌كانیان بگه‌ن هه‌موو هۆكارێكیان به‌كار هێناوه‌، كه‌چی هه‌ر به‌ ئامانجیش نه‌گه‌یشتوون‌و ناگه‌ن، چونكه‌ وه‌ك چۆن ڕوون‌و ئاشكرایه‌ كه‌ به‌ری خۆر به‌ بیژینگ ناگیرێ‌، ئاواش ئیسلام به‌ قسه‌ی ڕزی و مه‌رامه‌ چه‌په‌ڵه‌كان ناشیرن ناكرێ‌.
Hawkar_ash@yahoo.com