یەکێتی زانایان مەراسیمێکی رێز لێنان بۆ ژمارەیەک لە هاوکارانی راگەیاندنی خۆی ساز دەکات

 ئەمرۆ 7ی2ی2022 لە مەراسیمێکی شایستەدا بە ئامادەبوونی بەرێز د.عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان و مامۆستا مەلا جەلال خەیلانی جێگری سەرۆک و ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان مەراسیمێکی رێزلێنان بۆ ژمارەیەک مامۆستای ئایینی و کارمەندانی هاوکار لەگەڵ راگەیاندنی یەکێتی زانایان بەرێوە چوو.


سەرەتای مەراسیمەکە بەچەند ئایەتێک لە قورئانی پیرۆز دەستی پێ کردو، دواتر وتارێک لە لایەک بەرێز د.عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان پێشکەش کرا، کە تێیدا وێڕای بەخێرهێنان سوپاسی ئامادەبووان و دەربڕینی خۆشحاڵی بەو هەنگاوە، باسی لە رۆڵ و پێگەی ئامادەبووان کرد کە لە ماوەی رابردوو لە گەڵ راگەیاندنی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان بە بینراو و بیستراو و نوسراو و ئەلیکترۆنی هاوکار بوونەو خزمەتێکی شایستەو جوانیان پێشکەش کردووە.


لە بەشێکی وتارەکەی سەرۆکی یەکێتی زانایان گوتیشی: ئێمە لە یەکێتی زانایانەوە ئامانجمانە پەرە بە گوتاری میاڕەوی و ئاشتیخوازو مرۆڤدۆستی لە چوارچێوەی رێبازانی زانایانی پێشین هەیە، کە بتوانێ خزمەتی جوانترو باشتری کۆمەڵگەو واقعی موسڵمانان بکات.


سەرۆکی یەکێتی زانایان گوتیشی: ئەم مەراسیمە رێزلێنان و پێزانینی ئێوەیە، کە لە ماوەی رابردوو بە نەفەسێکی لەخۆبوردوانە خزمەتتان کردیەو هاوشانی مینبەرو پەیامی پیشەیی خۆتان ئەرکتان کێشاوە، ماندوو بوونی ئێوە جێگەی تەقدیرو لەبەر چاوە.


شایەنی باسە ئەم مەراسیمە بە بۆنەی ساڵیادی رادیۆی دەنگی زانایان لە شاری هەولێرو بۆ ژمارەیەک لەو هاوکارو کارمەندو مامۆستا ئایینیە بەرێزانە بەرێوە چوو، کە خزمەتیان کردووە، لە بەرنامەش دایە لە ئایندە هەموو ئەوانەی بەشدار بوونە لەگەڵ راگەیاندنی یەکێتی زانایان پێزانینیان پێشکەش بکرێت.