یەکێتی زانایان ئیدانەی سوکایەتی کردن بە پیرۆزییەکانی ئیسلام و موسڵمانان دەکات

دوای ئەوەی لەچەند رۆژی رابردوو لە گرتەیەکی ڤیدیۆیی هونەرمەندێک سوکایەتی بە پیرۆزییەکانی ئیسلام کردو کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، یەکێتی زانایان ئیدانەی ئەو سوکایەتیانە دەکات، ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتی:


لە ماوەی رابردوو هونەرمەندێکی یارسانی کوردستانی رۆژهەڵات لە گرتەیەکی ڤیدیۆیی سوکایەکی بەرامبەر پیرۆزییەکانی ئیسلام بڵاوکردەوەو بەهۆیەوە هەستی موسڵمانانی بریندار کرد، ئێمە لە یەکێتی زانایانەوە ئیدانەی ئەو سوکایەتیانە دەکەین و پێمان وایە ئەم جۆرە کارانە هەوڵێکە بۆ تێکدانی ئاشتی کۆمەڵایەتی و پێکەوەژیان و پێویستی بە داوای لێبوردن لە موسڵمانان هەیە، خەڵک بۆ خۆی ئازادە چۆن بیر دەکاتەوە، بەڵام ئازاد نیە لەوەی سوکایەتی بە ئایینی ئیسلام بکات و، ناکرێ رێگە بەوە بدرێت ئەو پێکەوەژیانەی هەیە لەبار بچێت و ئاشتی کۆمەڵگە بشێوێندرێت، چاوەڕوان بووین سەندیکای هونەرمەندان لەبەیاننامەکەیاندا ئیدانەی ئەو جۆرە رەفتارانەی کردبوایە، کە بۆتە هۆکاری برینداربوونی هەستی موسڵمانان، لەهەمان کات ئەرکی داواکاری گشتیە رۆڵی خۆی ببینێت و لەو حاڵەتانە بێتە دەنگ بە ئەرکی پێویست هەڵبستێت.


هەر لەو چوارچێوەیەدا بە پێویستی دەزانین دەستخۆشی و سوپاسی هەڵوێستی بەرزی زانایانی کوردستانی رۆژهەڵات بەتایبەت شاری پاوە بکەین، کە بە پەیامی حەکیمانەو لە پێناو دامرکاندنەوەی دۆخی بەرهەمهاتووی ئەم روداوە نەخوازراوە، رەنج و ماندوو بوونیان کێشاو لە ئاستی پێویست هەڵویستیان وەرگرت.


یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان


11ی2ی2022