ئیسلام لەگەڵ تووند‌و تیژی نییە

ئه‌مرۆ چوارشه‌ممه‌ رێكه‌وتی 24/11/2010 له‌ ناو هۆڵی دیوانی وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف‌و كاروباری ئاینی، به‌ ئاماده‌بوونی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی توندو تیژی به‌رامبه‌ر به‌ ئافره‌ت‌و، نوێنه‌رانی یاسایی له‌ وه‌زاره‌تی ناوه‌خۆ‌و، كۆمه‌ڵێك له‌ مامۆستایانی ئاینی‌و، نوێنه‌رانی دام‌و ده‌زگا حكومیه‌كان‌و، ده‌زگاكانی راگه‌یاندن، وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف‌و كاروباری ئاینی به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ یه‌كێتی زانایان‌و ده‌زگای كۆڕبه‌ندی هزری ئیسلامی، به‌ بۆنه‌ی رۆژی 25/11 ی رۆژی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندو تیژی دژی ئافره‌تان، سمینارێكیان سازدا له‌ ژێر ناونیشانی (كه‌مكردنه‌وه‌ی توندوتیژی به‌رامبه‌ر به‌ئافره‌تان).

سه‌ره‌تا وته‌ی به‌خێرهێنان له‌ لایه‌ن به‌ڕێز عوسمان موفتی پێشكه‌ش كراو، دواتر پوخته‌یه‌ك له‌ كاروچاڵاكیه‌كانی وه‌زاره‌تی ناوبراو بۆ ئاماده‌بووان خرایه‌ روو، پاشان وته‌ی یه‌كێتی زانایان له‌لایه‌ن به‌ڕێز مامۆستا مه‌لا عه‌بدوڵڵا گرتكی سه‌رۆكی یه‌كێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان پێشكه‌ش كرا، تیایدا جه‌نابیان تیشكی خسته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی: كه‌ هه‌ر توندوتیژیێك كه‌ به‌رامبه‌ر ئافره‌ت ده‌نوێنرێ‌، دووره‌ له‌ ده‌رخسته‌و زاده‌ی ئاینی ئیسلامی پیرۆز، به‌ڵكو ئه‌وه‌ نه‌ریت‌و هه‌ڵسوكه‌وتی كۆمه‌ڵایه‌تیه‌، بۆ نمونه‌: له‌ گشت وڵاتانی دونیا له‌ كۆن‌و نوێشدا، هه‌ریه‌ك به‌ جۆرێك ئه‌م توندو تیژیه‌ ده‌نوێنی، له‌ كاتێكدا كه‌ موسڵمانیش نین‌و، له‌سه‌ر ئاینی دیكه‌ن، یان هه‌ر دوور له‌ ئاینیشن، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ له‌ هه‌موو ده‌قه‌ پیرۆزه‌كانی قوڕئان‌و سوننه‌تیش هانی نه‌رم‌و نیانی‌و ئازارنه‌دانی تێكڕای خه‌ڵكی ده‌كاته‌وه‌، به‌تایبه‌تیش ئافره‌تان.

دواتریش به‌ڕێز دكتۆر موحه‌ممه‌د شه‌ریف سه‌رۆكی كۆڕبه‌ندی هزری ئیسلامی، له‌ وته‌یه‌كیدا زیاتر باسی له‌ رۆڵ‌و گه‌وره‌یی ئافره‌تان كردو، پاشان گوێ‌ له‌ راو سه‌رنجی ئاماده‌بووان گیراو، به‌ سه‌ركه‌وتوویی كۆتایی به‌ سمیناره‌كه‌ هات.