کۆیە: سەرۆکی یەکێتی زانایان بەشداری کۆنفرانسی هاوبەشی زانکۆی کۆیەو راپەرین دەکات و چەند سەردانێک ئەنجام دەدات

ئەمرۆ 23ی2ی2022 بەرێز د. عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان بە یاوەری بەرێز مامۆستا مەلا جەلال خەیلانی جێگری سەرۆک، لە شاری کۆیە چەند سەردانێکیان ئەنجام داو بەشداری کۆنفرانسێکی زانستییان کرد.


شاندەکە سەردانی لقی کۆیەی یەکێتی زانایان و بەرێوەبەرایەتی ئەوقافی قەزای کۆیەیان کردو بە گەرمیەوە لە لایەن بەرپرسی لق و ستافی کارگێری و بەرێوەبەری ئەوقافەوە بە گەرمیەوە پێشوازی کران و لە دانیشتنەکاندا باس لە رەوشی ئایینی و مزگەوت و رۆڵی زانایانی ئایینی کراو دوا پێشهاتەکانی سنوورەکە گەنگەشەو تاوتوێ کرا، هەر لەو دیدارە زانایانی ئایینی و بەرێوەبەری ئەوقاف خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی و پاڵپشتی و هەڵوێستی یەکێتی زانایانیان بەرز نرخاند.


دواتر شاندەکە بەشداری کۆنفرانستی زانستی هاوبەشی هەردوو زانکۆی کۆیەو راپەرینیان کرد، کە ماوەیەکە کاری بۆ دەکرێت و چەندین کەسایەتی ئەکادیمی و مامۆستای زانکۆ تێیدا بەشدارن و بەناونیشانی (بزوتنەوەی حەقە بە درێژایی مێژوو) بەرێوە دەچێت، کە بڕیار وایە کۆمەڵێک توێژینەوەی زانستی و ئەکادیمی لە کۆنفرانسەکە پێشکەش بکرێن و لایەنی مێژوویی ئەو بزوتنەوەیە گەنگەشە بکرێت.