سیمپۆزیۆمی هاوبەشی یەکێتی زانایان و کۆلێژی زانستە ئیسلامیەکان لەسەر پرسی فەتوا بەرێوە دەچێت

ئەمرۆ 27ی2ی2022 بە ئامادەبوونی بەرێز د. عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان و بەرێز د. پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی و ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێرو ژمارەیەک لە ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان و پ.ی.د.کامەران یونس محمد ئەمین سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین و پ.ی.د.ادریس قادر حمد أمین راگری کۆلێژی زانستە ئیسلامیەکان و بەرێوەبەری گشتی و ژمارەیەکی بەرچاو لە زانایانی ئایینی و مامۆستایانی زانکۆ لە شاری هەولێرو لە هۆڵی سەنتەری رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی زانکۆی سەلاحەددین سیمپۆزیۆمی هاوبەشی یەکێتی زانایان و کۆلێژی زانستە ئیسلامیەکان لەسەر پرسی فەتوا بەرێوە چوو.


لە دەسپێکی کردنەوەی سیمپۆزیۆمەکە وێڕای خوێندنەوەی چەند ئایەتێک لە قورئانی پیرۆز، هەر لە بەرێزان پ.ی.د.کامەران یونس محمد ئەمین سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین و، پ.ی.د.ادریس قادر حمد أمین راگری کۆلێژی زانستە ئیسلامیەکان و، د.پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی و ، د. عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان وتاریان پێشکەش کردو تەئکیدیان لەوە کردەوە، کە پێویستە پرسی فەتوا بە گرنگ و گەورە سەیر بکرێت و هەوڵبدرێت فەتوا بۆ خەڵکی خۆی بگێڕدرێتەوە.


شایەنی باسە ئەم سیمپۆزیۆمە لەژێر ناونیشانی (فەتواو لێکەوتەکانی لە نێوان پابەندبوون و پابەندنەبوون بە مەبەستەکانی شەریعەت) بە هاوبەشی لەلایەن یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان و سەنتەری سەلاحەددینی ئەییوبی بۆ توێژینەوەو لێکۆڵینەوە ئیسلامیەکان لە کۆلێژی زانستە ئیسلامیەکانی زانکۆی سەلاحەددین؛ رۆژانی 27و28ی2ی2022 لە هۆڵی سەنتەری رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی زانکۆی سەلاحەددین لە شاری هەولێر بەرێوە دەچێت و چەندین توێژینەوە لەسەر پرسی فەتوا پێشکەش دەکرێن.