سەرۆکی زانکۆی سەلاحەددین: بەو پەڕی واقعی و هەست کردن بە بەرپرسیارێتی لە بواری فەتوا رۆڵی خۆتان بینیوە

لەمیانەی وتارەکەی لە سیمپۆزیۆمی هاوبەشی یەکێتی زانایان و کۆلێژی زانستە ئیسلامیەکانی زانکۆی سەلاحەددین بەرێز پ.ی.د.کامەران یونس محمد ئەمین سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین وێڕای دەستخۆشی و سوپاسی یەکێتی زانایان و کۆلێژی زانستە ئیسلامیەکان بۆ سازکردنی وەها کۆنفرانسێک لەسەر پرسی فەتوا، باسی لە تایبەتمەندی کۆمەڵگەی کوردستان کردو ئاماژەی بەوەدا کە زۆرینەی خەڵکی کوردستان پەیڕەوی رێبازی ئیسلامن بەلام لەپاڵ ئەمەشدا پەیڕەوی ئایینەکانی دیکەش هەن.


لە بەشێکی تری قسەکانی گواتی: هەموو کتێبە ئاسمانیەکان پەیامێکی گشتگیر بوونی هەیە، ئەویش پەیامی ئاشتی و پێکەوەژیانە، بۆیە خۆشحاڵین لەم سیمپۆزیۆمە بەشدارو هاوبەشین، کە هۆکارێکی گرنگە بۆ ئاشتی و تەبایی لەنێو کۆمەڵگەی کوردین، کە هەمووان هاوبەشین لە پرسە ئایینی و نەتەوەیی و نیشتمانیەکان.


سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین گوتیشی: ئەم واقعە رۆڵی ئێوەی پێوە دیارەو بەو پەڕی واقعی و هەست کردن بە بەرپرسیارێتی لە بواری فەتوا رۆڵی خۆتان بینیوە، بۆیە دڵخۆشین بەم هەنگاوە گرنگەو سوپاس و پێزانینمان هەیە بۆ لێژنەکانی زانستی و ئامادەکاری و راگەیاندن و سەرپەرشتیارانی ئەم سیمپۆزیۆمە.