پانێڵی یەکەمی رۆژی دووەمی سیمپۆزیۆمی هاوبەشی یەکێتی زانایان و کۆلێژی زانستە ئیسلامیەکانی زانکۆی سەلاحەددین پێشکەش کرا

ئەمرۆ 28ی2ی2022 لە درێژەی کارەکانی سیمپۆزیۆمی هاوبەشی یەکێتی زانایان و کۆلێژی زانستە ئیسلامیەکانی زانکۆی سەلاحەددین لەسەر پرسی فەتوا، پانێڵی یەکەمی رۆژی دووەم بەرێوە چوو، لە دەسپێکدا بەرێز مامۆستا مەلا جەلال خەیلانی جێگری سەرۆکی یەکێتی زانایان وتەی کردنەوەی سیمپۆزیۆمی پێشکەش کردو باسی لە گرنگی بابەتەکەو پێویستی هۆشیاری لەو بارەوە کردو هیوای خواست ئەم هەنگاوە ببێتە هۆکاری پێشوەچوونی فەتوا لە هەرێمی کوردستان.


دواتر بەرێز دكتۆر عمر حسن مرۆ سەرپەرشتی و ئەرکی بەرێوەبردنی پانێڵی یەکەمی پێ سپێردرا، کە تێیدا سێ توێژینەوەی تایبەت لەسەر پرسی فەتوا پێشکەش کران، کە بریتی بوون لەم ناونیشان و بەرێزانەی خوارەوە:


یەکەم: (فه‌توای شاز شێخ ناصر ئه‌لبانی به‌ نمونه‌)، لەلایەن بەرێز پرۆفيسۆر دكتۆر عرفان رشید شریف.


دووەم: (زانایانی كورد و ڕای به‌رامبه‌ر - خوێندنه‌وه‌یه‌ك له‌ سێبه‌ری فه‌تواو هه‌ڵسوكه‌وته‌كانیاندا)، لەلایەن بەرێز پرۆفيسۆر دكتۆر ئومێد نجم الدین موفتی.


سێیەم: (كێ بۆی هه‌یه‌ فه‌تـوا بدات، و چۆن ڕێگا بگیرێت له‌ فه‌وزای فه‌توا؟)، لەلایەن بەرێز دكتۆر مادح مەلا محمد بەرزێوەیی.


دواتر بەشداربووان بە چەند پرسیارو سەرنجێک پانێڵەکەیان دەوڵەمەنتر کردو پاشان سوپاس و پێزانین ئاراستەی بەرێوەبەری پانێڵ و توێژەران کرا.


شایەنی باسە ئەم سیمپۆزیۆمە لەژێر ناونیشانی (فەتواو لێکەوتەکانی لە نێوان پابەندبوون و پابەندنەبوون بە مەبەستەکانی شەریعەت) بە هاوبەشی لەلایەن یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان و سەنتەری سەلاحەددینی ئەییوبی بۆ توێژینەوەو لێکۆڵینەوە ئیسلامیەکان لە کۆلێژی زانستە ئیسلامیەکانی زانکۆی سەلاحەددین؛ رۆژانی 27و28ی2ی2022 لە هۆڵی سەنتەری رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی زانکۆی سەلاحەددین لە هەولێری پایتەخت بەرێوە دەچێت و چەندین توێژینەوە لەو بارەوە دەخرێنە ڕوو.