رۆژی دووشەمە لە سەرتاسەری كوردستان نوێژەبارانە دەكرێت

بە هۆی دواكەوتنی باران بارین لە هەرێمی كوردستان، وەك دەربڕینی پەشیمانبوونەوە بۆ خوای پەروەردیگار‌و، پیشاندانی نوێكردنەوەی بەندایەتی بۆ پەروەردیگاری مەزن، رۆژی دووشەممەی داهاتوو لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان نوێژە بارانە دەكرێت.

لەو بارەوە مامۆستا مەلا عەبدولا مەلا سەعید سەرۆكی یەكێتی زانایان بە ماڵپەڕی زانایانی راگەیاند: بە هۆی دواكەوتنی باران بارین، سووننەتە موسڵمانان بچنە نوێژە بارانە‌و، خۆیان بە ملكەچی پیشان بدەن بۆ خوای گەورە، ئەویش بۆ ئەوەی لەلایەكەوە ئەو سووننەتە زیندوو بكەنەوە، لەلایەكی دیكەش ئەو هەموو موسڵمانە لە خوای گەورە بپاڕێنەوە بۆ ئەوەی بارانی رەحمەتمان بەسەردا ببارێت، بۆ ئەم مەبەستە رۆژی دوو شەممە (29/11/2010) یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ئەوقاف‌و كاورباری ئایینی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەڵدەستین بە ئەنجامدانی نوێژە بارانە لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان، لە هەولێر كاتژمێر دووی دوای نیوەڕۆ نوێژە بارانە ئەنجام دەدرێت، لەسەر جۆت سایدی نوێی بەحركە، بۆیە هیوادارین موسڵمانان بەوپەڕی ملكەچییەوە لەو نوێژە بەشداری بكەن بۆ ئەوەی خوای مەزن دوعاكانمان قبول بكات‌و، هەروەها ئەو سووننەتەی پێغەمبەریش هەمیشە بە زیندوویی بهێڵینەوە.