لە ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجە مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان بەچەند خولەکێک وەستان رێز لە یادەکەو قوربانیان دەگرێت

ئەمرۆ 16ی3ی2022 بە ئامادەبوونی بەرێز د.عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان و ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزی و سەرکردایەتی یەکێتی زانایان لەبارەگای سەرەکی مەکتەبی تەنفیزی وەک رێزگرتن لە گیانی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە چەند خولەکێک وەستان.


ئامانج لەم وەستانە بەرز راگرتنی ساڵیادەکەو خوێندنی نزاو فاتیحە بوو بۆ گیانی پاکی پێنج هەزار قوربانی، کە لە ئەنجامی کیمیابارانی شارەکەو بە دەستی رژێمی دکتاتۆری بەعس لە رۆژێکی وەک ئەمرۆ شەهید کران.


شایەنی باسە سی و چوار ساڵ بەر لە ئێستاو لە 16ی3ی1988 شاری هەڵەبجە کرایە قوربانی و بریندار کراو تا ئێستاش زامەکەی لەسەر دڵی کوردپەروەران و هاونیشتمانیانی کوردستان هەر سارێژ نەبووە.


دروود بۆ گیانی پاکی شەهیدانی هەڵەبجەو سەرجەم شەهیدانی کوردستان.