تورکیا: سەرۆکی یەکێتی زانایان بەشداری سێیەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی (منبر الأقصى) لە شاری ئیستەنبۆڵ دەکات

رۆژانی 18و19ی3ی2022 بەرێز د.عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان بەشدار لە سێیەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی (منبر الأقصى) لە شاری ئیستەنبۆڵ لە وڵاتی تورکیا کرد، کە بە بەشداری دەستەو دامەزراوەی ئایینی و زانایانی 40 وڵات لەلایەن دامەزراوەی (منبر الأقصى) بەئامانجی پاڵپشتی لە دۆزی رەوای قودس و مزگەوتی ئەقسا بەرێوە چوو.


لەو کۆنفرانسەدا چەندین وتارو توێژینەوەی ئەکادیمی و زانستی پێشکەش کران، لە نێویاندا بەرێز د. عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان بە وتارێک بەشداری کۆنفرانسەکەی کردو تێیدا وێڕای دەستخۆشی لە سەرپەرشتیارانی کۆنفرانسەکەو خۆشحاڵی دەربڕین بە دیداری زانایانی وڵاتی دیکە لە کۆنفرانسە، ئاماژەی بە پێگەو کاریگەری و پایەی مزگەوتی ئەقساو قودسی شەریف کردو رایگەیاند، کە خەمی قودس خەمی هەموومانە لەبەر ئەوەی یەکەم قیبلەی موسڵمانان و شوێنی موبارەکی پێغەمبەران بووە، بۆیە ئەرکی هەمووانە هەوڵی حەکیمانە بدەن لەپێناو پاراستنی قودس و مێژوو و پێگە پیرۆزەکەی.


هەروەها باسی لەوەش کرد، کە پەیوەندی کوردو قودس پەیوەندیەکی مێژوویی و پڕ لە شانازییە، لەبەر ئەوەی سەرکردەی ناوداری نەتەوەیی و ئایینی سەلاحەددینی ئەییوبی قودقس رزگار کردو ئەمەش بووە مایەی سەرکەوتنێکی گەورە بۆ جیهانی ئیسلامی بە گشتی گەلی کورد بەتایبەتی.


سەرۆکی یەکێتی زانایان گوتیشی: ئێستاش رۆڵەکانی کورد لەسەر هەمان رێچکەو رێبازی سەلاحەددینی ئەییوبین لەخۆشەویستیان بۆ قودسی شەریف و پارێزگاریکردن لە پێگە پیرۆزەکەی، بەڵام بەداخەوە کەسانێک دەیانەوێ رووی جوانی مێژووی کوردو دیندارییەکەی و پەیوەندی پتەوی لەگەڵ وڵاتانی ئیسلامی و عەرەبی لکەدار بکەن، بەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل هەیە، تا کار گەیشتە ئەوەی ئیران لە13ی ئەم مانگە لەرێی چەند موشەکێکەوە چەند ناوچەیەکی هاوڵاتی نشینی تۆپباران کرد بە بیانووی هەبوونی بارەگای ئیسرائیلی لەو ناوچانە، بەداخەوە ئەوانەی ئەو جۆرە تۆمەتانە هەڵدەبەستن، خۆیان مەعبەدی جولەکە لە تاران دەکەنەوەو رێگەش بە مزگەوتی سووننە نادەن هەبێت و بگرە ناوچە سووننەکانی عیراقیشی وێران کرد، ئەوان هەر کەسێک نەچێتە ژێر باریان دەیان تۆمەتی نارەوای بۆ دڕوست دەكەن، مەبەستیانە کورد لە سووننە دوور بخەنەوەو شەقامی وڵاتانی عەرەبی دژ بەکورد بجوڵێنن، بەڵام لێرەوە رایدەگەیەنێن، کە کورد شانازی بە برایەتی هەمووانەوە دەکات و هیچ کاتیش ئامادە نیە لەسەر تۆمەتی بێ بنەما دژایەتی کەس بکات، وە دەبێ هەمووان کار بۆ سەقامگیری و ئاشتی و چارەسەرکردنی کێشەکان بە رێگەی دیالۆگ و لێکتێگەیشتن بکەین.