بە ئامانجی پێشوازی مانگی پیرۆزی رەمەزان و یەکخستنی فەتوا یەکێتی زانایان کۆبوونەوەیەک لەگەڵ سەرجەم لێژنەی فەتوای لقەکان ئەنجام دەدات

 ئەمرۆ 30ی3ی2022 بە سەرپەرشتی بەرێز د. عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان و ئامادەبوونی مامۆستا مەلا جەلال خەیلانی جێگری سەرۆک و د. حسن موفتی سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای فەتواو ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزی کۆبوونەوەیەکی فراوان لەگەڵ بەرپرسی لێژنەی فەتوای سەرجەم لقەکانی یەکێتی زانایان لە شاری هەولێر بەرێوە چوو.


سەرەتای دانیشتنەکە بەرێز د. عبدالله مەلا وەیسی وێڕای بەخێرهێنان و دەستخۆشی کردن لە خزمەتی لێژنەکانی فەتوا، پیرۆزبایی یەکێتی زانایانی بە بۆنەی هاتنەوەی مانگی پیرۆزی رەمەزان ئاراستە کردو تیشکی خستە سەر چەند پرسێکی تایبەت بە فەتوا لە هەرێمی کوردستان و ئامانجی دانیشتنەکەی روون کردەوە، کە بریتی بوو لە بایەخدانی یەکێتی زانایان بە زیاتر یەکخستنەوەو رێکخستنەوەی فەتوا لە هەرێمی کوردستان.


دواتر بەرێز د. حسن موفتی سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای فەتوا وتەیەکی پێشکەش کردو تێیدا بە وردو زانستی پێگەو گرنگی فەتوای خستە ڕوو، دواتر ئاماژەی بە ئەرک و کاری ئەنجومەنی باڵای فەتواو هەماهەنگی لەگەڵ لێژنەی فەتوای لقەکان کردو مەنهەج و رێڕەوی فەتوادانی لە چوارچێوەی ئەو بنەماو هێڵە گشتییانەی پەیڕەو دەکرێ لەناو پرۆسەی فەتوادان بە گرنگ زانی. هەروەک لە بەشێکی تری قسەکانی دەستخۆشی ئاراستەی بەرپرسی لێژنەی فەتوای لقەکان کرد، کە هەماهەنگن لەگەڵ ئەنجومەنی باڵای فەتواو پرسە گشتی و هەستیارەکان دەگەڕنەوە بۆ ئەنجومەنی باڵا.


دواتر بەوردی قسەی لەسەر ئەو رێنماییە پێویست و رێکارە پەیوەستانە کرد، کە گرنگە لە کاتی فەتوادان رەچاو بکرێن، ئاماژەی بە بابەتی رێژەی سەرفتیرەو نیسابی زەکات کردو بە درێژی بۆچوونی گەورە زانایان و ئەنجومەنی باڵای فەتوای لەو بارەوە روون کردەوە.


دواتر هەر یەک لە بەرێزان د. حسن پشدەری و د. عومەر مەلا حسن مرۆ ئەندامانی ئەنجومەنی باڵا، لەسەر بابەتی فەتوا وتەیان پێشکەش کردو سەرنج و تەوەری گرنگیان لەو بارەوە خستە ڕوو.


هەر لە دانیشتنەکەدا باس لەوە کرا، کە پێویستە ئەو بابەتانەی ساڵانە لەگەڵ هاتنی مانگی پیرۆزی رەمەزان دەبنە مایەی مشتومڕ چارەسەر بکرێن و یەکڵایی بکرێنەوە، پاشان هەر یەک لە بەرێزان بەرپرسی لێژنەی فەتوای لقەکان، کە ئامادەی کۆبوونەوەکە بوون راو سەرنجی خۆیان خستە ڕوو، کۆبوونەوەکە پتر لە دوو کاتژێری خایاند.