یەکێتی زانایان داوایەک ئاراستەی خێرخوازان و خوا پێداوان دەکات

ئەمرۆ 5ی٤ی۲٠۲۲ یەکێتی زانایان پەیامێکی بڵاو کردەوەو تێیدا داوا لە خێرخوازان دەکات هاوکاری هەژاران و  بەتایبەت خانەی بێ سەرپەرشتان لە کوردستان بکەن، ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتی:


بەناوی خوای گەورەو میهرەبان


((وَتَعَاوَنُواْ عَلَى الْبرِّ وَالتَّقْوَى وَلاَ تَعَاوَنُواْ عَلَى الإِثْمِ وَالْعُدْوَانِ)) المائدة:2


ساڵانە لەگەڵ هاتنەوەی مانگی پیرۆزی رەمەزان، نەریتی کۆمەڵگەی کوردی بەگشتی و موسڵمانان بەتایبەتی وایە، گیانی هاوکاری و خێرو بەشینەوەی کۆمەکی و خواردن و شیرینی دەکەنە سیمایەکی جوانی کۆمەڵایەتی و بەنیەتی رەزامەندی خواو بەجێگەیاندنی ئەرکی ئایینی ئەم کارە ئەنجام دەدەن.


ئێمە لە یەکێتی زانایان دەستخۆشی زۆرمان بۆ سەرجەم دەزگاو کەسایەتی خێرخوازو خواپێداوان هەیە لەبەرامبەر ئەم کارو هەنگاوە خێرخوازی و ئیمانی و ئینسانیەی پێشکەشی دەکەن.


هەر لێرەشەوە بە پێویستی دەزانین داوا لە سەرمایەدارو خێرخوازان بکەین، بە زەکات و بەخشینەکانیان خانەی نەوجەوانان و بێ سەرپەرشتان لە یاد نەکەن، کە کۆمەکی کردنیان زۆر خێرەو کارێکی مرۆیی گەورەیەو، لەهەمان کات بەپێی شەریعەتی ئیسلام دروستە زەکات بدرێت بە نەوجەوانان و بێ سەرپەرشتان، بەو مەرجەی لە خودی خۆیان خەرج بکرێت.


یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان


5ی٤ی۲٠۲۲