یەکێتی زانایان پانێڵێکی تایبەت لەسەر شارستانیەتی یەکتاپەرستی و ئاماژەو کۆدەکانی تێگەیشتن لە قورئانی پیرۆز ساز دەکات

ئەمرۆ 24ی5ی2022 بە ئامادەبوونی بەرێز د. عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان و مامۆستا مەلا جەلال خەیلانی جێگری سەرۆک و بەشێک لە ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزی و سەرکردایەتی و مامۆستا سید موسا بەرپرسی لقی هەولێرو ژمارەیەکی بەرچاو لە مامۆستایانی ئایینی سنووری پارێزگای هەولێرو دەوروبەری لە هۆڵی بارەگای مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان، پانێڵێکی تایبەت بە ناونیشانی (شارستانیەتی یەکتاپەرستی و ئاماژەو کۆدەکانی تێگەیشتن لە قورئانی پیرۆز) بەرێوە چوو.


پانێڵەکە بە ئامانجی بایەخدان بە توێژینەوەو بابەتە گرنگ و هەنووکەییەکان و بەرچاوخستنی کۆششی نوسەران و گرنگیدان بە بواری رۆشنبیری و زانستییەوە بوو، کە بۆ هەر یەک لە بەرێزان (مامۆستا محمد رەئوف نوسەرو روناکبیرو، مامۆستا فەتحی مەلا عەلی مودەریس نوسەرو لێکۆڵەر) رێکخرا بوو.


لە بابەتی یەکەم مامۆستا محمد رەئوف تیشکی خستە سەر کرۆکی بابەتەکەی، کە بەناونیشانی (ئاماژەو کۆدو کلیلەکانی تێگەیشتن لە قورئانی پیرۆز) کە ناونیشانی کتێبەکەیەتی و لە دووتوێی دوو بەرگ و هەزار لاپەڕە چاپکراوەو تێیدا ئەزمونەی چل ساڵەی خۆی کۆکردۆتەوەو هەوڵی داوە لە نێوان رەسەنایەتی و هاوچەرخی خزمەت بە قورئانی پیرۆز بکات، هەروەها ئاماژەی بە پەیوەندی نێوان مرۆڤ و قورئانی پیرۆز کردو ئەوەی خستە ڕوو، کە وەحی خودایی لەسەرەتای بوونەوە لە مرۆڤ دانەبڕاوەو رۆڵی گەورەی لە بیناکردن و ئاراستەکردنی مرۆڤ هەبووە، دواتر چەندین نمونەو پەرەگرافی وەک هەڵێنجانی بابەتی زانستی نێو کتێبەکە شیکردەوە.


دواتر بەرێز مامۆستا فەتحی مەلا عەلی بابەتی دووەمی پانێڵەکەی بەناونیشانی ( شارستانیەتی یەکتاپەرستی – خوێندنەوەیەک لە ئەلواحی سۆمەریەکان و تێکستە ئاسمانیەکان قورئانی پیرۆزو تەورات) پێشکەش کردو ئاماژەی بەو زانیارە گرنگە دا کە لە چوارچێوەی توێژینەوەو بەدواداچوونی خۆی و لەسەرچاوە بیانیەکان و ئەلواحی سۆمەریەکان دەستی کەوتووەو بەشێکی لە کتێبەی خۆی بەناوی (شارستانیەتی تەوحید) بڵاوکردۆتەوە، هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە ئیدراک و هەست پێکردن لەدوای تەوحیدو یەکتاپەرستی دروست و راستەوە دروست دەبێت و چاکترین نمونەش پێغەمبەرانن، دواتر باسی لە سۆمەرییەکان و شارستانیەتەکەیان کرد، کە شەش هەزار ساڵ پێش ئێستا ژیاون و ئەو دەستنوسانەی لەدوایان بەجێماون و لە مۆزەخانەیەکی بەریتانیا دەستیکەوتوون و وەرگێڕانی بۆ کردووە، سەرەنجام بۆی دەرکەوتووە بەشی هەرە زۆریان پاڵپشتی میسداقیەتی قورئان دەکەن لە بارەی پەیامی یەکتاپەرستییەوە.


ئاماژەی بەوەشدا کە زیاتر لە 11 زانای ئەرکۆلۆژی لە رۆژنامەی ژیادە- ناشنیۆناڵ جوگرافیک باس لەوە دەکەن، کە پێغەمبەر ئادەم سەلامی خوای لەسەر بێت لە ناوچەی باڵەکایەتی بووە.


شایەنی باسە دواتر مامۆستایانی ئایینی بەشدار بوو بە پرسیارو پێشنیارو سەرنجی پەیوەستەوە، پانێڵەکەیان دەوڵەمەند کردو لەو چوارچێوەیەشەوە سوپاس و پێزانینی یەکێتی زانایان لەلایەن سەرۆکى یەکێتی زانایان پێشکەش بە پێشکەشکارانی بابەتی پانێڵەکە کرا.