سەرۆکی یەکێتی زانایان بەشداری مەراسیمی رێزلێنانی زانایانی ئایینی هەڵگری بڕوانامەی ماستەرو دکتۆرا دەکات

ئەمرۆ 30ی5ی2022 بەرێز د. عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان بە یاوەری بەرێز مامۆستا مەلا جەلال خەیلانی جێگری سەرۆک و ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزی و سەرکردایەتی و ئەنجومەنی باڵای فەتواو ئامادەبوونی بەرێز د. پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی و بەرێز ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێرو ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامانی پەرلەمان و بەرپرسیانی حزبی و حکومی و مامۆتسایانی ئایینی، بەشداری لە مەراسیمی بەخشینی سوپاس و پێزانین بەو مامۆستا ئایینیە بەرێزانەی لەچەند ساڵی رابردوو بڕوانامەی ماستەرو دکتۆرایان بەدەستهێناوە کرد.


سەرەتای مەراسیم بەخوێندنەوەی چەند ئایەتێکی قورئانی پیرۆز دەستی پێ کردو دواتر وتەی بەخێرھاتن لەلایەن تەیب زرار شێروانی بەڕێوەبەری گشتی ئەوقافی پارێزگای ھەولێر پێشکەش کراو بەخێرھاتنی مامۆستایان و مێوانە بەڕێزەکانی کردو ئاماژەی بەبەرنامەی مەراسیم و ئامانجەکان و پاڵپشتیەکانی  کرد.


دواتر بەرێز د. پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی لە وتەیەکدا پیرۆزبایی ئاراستەی مامۆستایان کردو جەختی لەپشیوانی کردنی کەرتی خوێندنی باڵا کردەوەو پلانی وەزارەتی خستەروو کەبریتیە لەفراوانکردنی کەرتی خوێندنی باڵا و رەخساندنی دەرفەتی زیاتر بۆ ئارەزوومەندان و گوتیشی: مامۆستایانی ئایینی رێنیشاندەرو پێشەوای میللەتەکەمان بوون ھەمیشە لەخزمەتی ھەرھەنگاوێک دەبن کەخزمەت بەمامۆستایان بکات.


پاشان د. عبداللە وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان لە وتەیەکدا  وێرای پیرۆز بایی لەمامۆستایانی ئایینی بەڕێز جەختی لە پاراستنی شکۆی مزگەوت و وتارو بەرەو پێش بردنی بواری وتارو بەئەکادیمی کردنی کردەوەو رایگەیاند: مزگەوت شکۆو گەورەیی خۆی ھەیەو پێویستە دوور بێت لەھەر دەست وەردان و بەسیاسی کردنی، لەبەر ئەوەی مزگەوت پیرۆزە پێویستە بەپیرۆزی خۆی بمێنێتەوەو ھەمووشمان لەپێناو سەرخستنی پەیامی ئایینی پیرۆزی ئیسلام دەست لەناو دەست کاربکەین و پێکەوە بین.


سەرۆکی یەکێتی زانایان چەند پرس و تەوەرێکی گرنگی بەرووی بەشداربووانی مەراسیمەکە کردەوەو گەنگەشەی دوا پەرەسەندنەکانی رەوشی ئایینی و زانایانی ئایینی و خوێندنی ئەکادیمی لەهەرێمی کوردستان کردو، ئاماژەی بە زەرورەتی خۆ پڕ زانستکردن و هۆشیاری پێویستی ئەم قۆناغەو یەک ئاراستەیی لە خیتابی ئایینی کرد، کە خزمەت بە دۆخی کوردستان و هەستی ئایینپەروەری و نەتەوەپەروەری دەکات.