بە بەشداری سەرۆکی یەکێتی زانایان مەراسیمێکی تایبەت بە بەخشینی بڕوانامەی زانستی لە شاری هەولێر بەرێوە دەچێت

ئەمرۆ 6ی6ی022 ٢ بەئامادەبوونی بەرێز د. عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان و بەرێز د. پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی و، مامۆستا فارس جەوهەر بەرێوەبەری گشتی لە دیوانی وەزارەت و تەیب زرار شێروانی بەڕێوەبەری گشتی ئەوقافی پارێزگای ھەولێرو بەژداری ژمارەیەکی بەرچاو لە مامۆستایانی ئایینی لەمزگەوتی شىخ حمدامين خەیلانی لە شاری هەولێر، مەراسیمی بەخشینی مۆڵەتی زانستی بۆ سێ مامۆستای ئایینی بەرێوە چوو.


مەراسیمەکە بە خوێندنی چەند ئایەتێک دەستی پێ کردو دواتر بەرێز مامۆستا مەلا دلشاد سورچی وەک مامۆستای بڕوانامەدەر وتەی بەخێرهاتنی پێشکەش کرد.


دواتر بەرێز د. پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی دەستخۆشی ئاراستەی مۆڵەت پێدەرو کردو پیرۆزبایی ئاراستەی مامۆستایان کرد دواتر جەختی لە پشتیوانی کردنی وەزارەت بۆ حوجرەو خوێندنی ئەکادیمی و بەھێزکردنی بنەما شەرعیە زانستیەکان کردەوە، ھەروەھا رایگەیاند گرنگترین ھەنگاو ئەوەیە کە ئەزموون و وەرگرتنی بەھا زانستیەکان لەپێناو ئایین پەروەری و نیشتمانپەروەری وداھاتووی رۆڵەکانمان بێت.


پاشان بەرێز د. عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان وتەیەکی پێشکەش کردو تێیدا دەستخۆشی ئاراستەی مامۆستای موجیز کردو پیرۆزبایی خۆیشی ئاراستەی هەرسێ مامۆستای موجاز کردو ئاماژەی بە گرنگی رۆڵی حوجرەو قوناغەکانی خوێندن و کاریگەری مامۆستایانی پێشين كرد، کە خزمەتێکی گەورەیان پێشکەش بە کۆمەڵگە کردووەو زانای زۆریان لەبواری ئایینی و نیشتمانپەروەری پێگەیاندووە. هەروەها گوتی حوجرە بەردەوام کەسانی میانڕەو و نیشتمانپەروەری پێگەیاندووەو قەت نەبووە لە حوجرە کەسێکی توندو تەکفیری دەرچووبێت.


لە بەشێکی تری قسەکانی سەرۆکی یەکێتی زانایان ئاماژەی بەوە کرد، کە زانایانی کورد داردەست و پاشکۆی هیچ کەس و لایەنێک نین، بەڵکو پێشەوای دین و پارێزەری کوردستان و سەرقافڵەی کاروانی کوردایەتی و رێبازی گەورە زانایان، لەوەشدا نمونەی شێخ مستەفای نەقشبەندی و مامۆستا مەلا عبدالکریمی مودەریس و مامۆستا ممدوح مزوری و مەلا بەهائەددینی خەتێ و چەندین زانای تر هێنایەوە، کە سەرمەشقی دینداری و بواری زانست و پێگەیاندنی رۆڵەکانی گەلی کورد بوونە.


شایەنی باسە دواتر مامۆستای بڕوانامە دەر زنجیرەی بڕوانامەی زانستی خوێندەوەو بەرگی پیرۆزی مەلایەتی کرایە بەر ئەم سێ مامۆستا بەڕێزەی، کە لە مەراسیمەکە بڕوانامەیان پێ بەخشرا، هەر بەو بۆنەوە چەندین سروودو پەخشان خوێندرایەوە.