هەولێری پایتەخت بە بەشداری بەرێز سەرۆکی یەکێتی زانایان مەراسیمێکی تایبەت بە بەخشینی بڕوانامەی زانستی بەرێوە دەچێت

ئەمرۆ 11ی6ی022 ٢ بەئامادەبوونی بەرێز د. عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان و مامۆستا مەلا جەلال خەیلانی جێگری سەرۆک و ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزی و، كاك حاجی تەیب زرار شێروانی بەڕێوەبەری گشتی ئەوقافی پارێزگای ھەولێرو بەژداری ژمارەیەکی بەرچاو لە مامۆستایانی ئایینی لەمزگەوتی بەهەشت لە شاری هەولێر، مەراسیمی بەخشینی مۆڵەتی زانستی بۆ دوو مامۆستای ئایینی بەرێوە چوو.


مەراسیمەکە بە خوێندنی چەند ئایەتێک دەستی پێ کردو دواتر بەرێز مامۆستا شێخ محمد موفتی وتەی بەخێرهاتنی پێشکەش کرد.


دواتر بەرێز د. عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان وتەیەکی پێشکەش کردو تێیدا دەستخۆشی ئاراستەی مامۆستای موجیزو پیرۆزبایی ئاراستەی هەردوو مامۆستای موجاز کردو ئاماژەی بە گرنگی رۆڵی حوجرەو خزمەتی زانایانی ئایینی كرد، کە ماوە ماوە مامۆستای ئایینی بەتواناو خاوەن هەست و هەلوێستی نەتەوەیی و نیشتمانی بەرهەم دێنن و پێشکەشی کۆمەڵگەی دەکەن بۆ خزمەتی ئیسلام و موسڵمانان و لەسەر رێبازو نەهجێکی دروستی ئاینپەروەری و بەهەستێکی میانڕەوانە خەڵک رادێنن.


سەرۆکی یەکێتی زانایان گوتیشی: جارێکی تر جەخت لەوە دەکەینەوە کەس هێندەی مەلای کورد خاوەنی پەرێزی پاک و هەڵوێستی بەرز نەبووە، بۆیە زانایانی کورد داردەست و پاشکۆی هیچ کەس و لایەنێک نین، بەڵکو پێشەوای دین و پارێزەری کوردستان و سەرقافڵەی کاروانی کوردایەتی و رێبازی گەورە زانایان بووينەو دەبن، لەوەش پتر ئەو جموجۆڵە زانستی و هەستە پڕ لە جۆش و خرۆشەی ئێستا لە کوردستان دەبینن، ئاماژەیە بۆ ئومێدو ئایندەیەکی گەشتر لەرووی زانستی ئایینی و پێگەیاندنی مامۆستایانی ئایینی لە هەرێمەکەماندا.


پاشان بەرێز کاک حاجی تەیب زرار بەرێوەبەری گشتی ئەوقافی پارێزگاری هەولێر بەنوێنەرایەتی وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی وتاری وەزارەتی ئەوقافی خوێندەوەو پاشانیش بەرێز مامۆستا شێخ عرفان شێخ نورالدین موفتی زنجیرەی بڕوانامەی زانستی خوێندەوەو بەرگی پیرۆزی مەلایەتی کرایە بەر ئەم دوو مامۆستا بەڕێزەی، کە لە مەراسیمەکە بڕوانامەیان پێ بەخشرا، هەر بەو بۆنەوە چەندین سروودو پەخشان خوێندرایەوە.