یەکێتی زانایان لە کۆبوونەوەیەکی فراواندا چەند پرسێکی گرنگ تاوتوێ دەکات

ئەمرۆ 19ی6ی2022 بە سەرپەرشتی بەرێز د. عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان و ئامادەبوونی مامۆستا مەلا جەلال خەیلانی جێگری سەرۆک و ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزی و ئەنجومەنی ناوەندی کۆبوونەوەی فراوانی سەرکردایەتی یەکێتی زانایان لەبارەگای مەکتەبی تەنفیزی لە شاری هەولێر بەرێوە چوو.


سەرەتای کۆبوونەوە بەرێز سەرۆکی یەکێتی زانایان بەدروود و دوعا بۆ گیانی زانایانی کۆچکردوو کۆبوونەوەی کردەوەو سوپاسی مەکتەبی تەنفیزی ئاراستەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی و لقەکانی یەکێتی زانایان کرد، لەهەمبەر خزمەت و رۆڵی بەرچاویان لەماوەی رابردوو.


دواتر تیشکی خستە سەر دوا هەنگاوەکانی یەکێتی زانایان، کە لەئەنجامی هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی ئەنجامی داوە، لەوانەش بە ئەنجام گەیشتنی پرۆژەی گەڕانەوەی قوتابخانە ئیسلامیەکان لە وەزارەتی پەروەردەوە بۆ سەر میلاکی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، ئاماژەی بەوە کرد کە یەکێ لە ئامانجەکانی یەکێتی زانایان خزمەتکردنی ناوەندە زانستی و قوتابخانە ئیسلامیەکان و حوجرەو مەدرەسەی ئەهلی بووە، خۆشبەختان دوای پێشنیارکردن و هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ئەوقاف، ئەنجومەنی وەزیران رەزامەندی لەسەر ئەم هەنگاوە دەربڕیوەو بەنوسراوی فەرمی ژمارە (7678) لەبەرواری 25ی5ی2022 ئیمزای لەسەر کردووە.


هەر لە کۆبوونەوەکە سەرۆکی یەکێتی زانایان سوپاسی مەکتەبی تەنفیزی ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران و هەردوو وەزارەتی پەروەردەو ئەوقاف و کاروباری ئایینی و بەتایبەت بەرێز د. پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف کرد، کە هاوکارو هەماهەنگ بوونە لە دەرچوواندنی بڕیارو رێکاری پەیوەست بەم هەنگاوە گرنگە.


لەتەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوە باس لە دۆخی ئێستای رەوشی ئایینی لە کوردستان و بەستنی کۆنفرانسێکی تایبەت بە ئامانجی بەرەو پێشبردن و گەشەپێدانی مزگەوت و رێکخستنەوەی دروشم و پەرستش و وەقفەکان کردو، ئامانجی کۆنفرانسی بۆ ئامادەبووان شیکردەوە، دواتر لە گفتوگۆی تێرو تەسەل باس لە چۆنیەتی سازکردنی کۆنفرانسەکە کرا، کە مەبەست لێی خزمەتی موسڵمانان و رەوشی مزگەوت و دینداریە لە کوردستاندا.


کۆبوونەوە جەختی لەوە کردەوە، کە پاراستنی تایبەتمەندی هەرێم و راگرتنی هاوسەنگی و بایەخدان بە بیری میانڕەوی و رێزگرتن و قبوڵکردنی یەکتری و سەقامگیری کۆمەڵگە ئەرکی لە پێشینەی زانایانەو بەپرسیارێتی هەموو لایەکیشە.


هەر لە کۆبوونەوەکەدا چەند تەوەرێکی دیکەی پەیوەست بە رەوشی ئایینی و کاری پیشەیی و زانایان و کاروبارێکی تایبەتی یەکێتی زانایان و دوا پەرەسەندنەکان تاوتوێ کراو سەرکەوتووانە کۆبوونەوەکە کۆتایی هات.