یەکێتی زانایان و وەزارەتی پەروەردە لەسەر پرسی وانەی پەروەردەی ئیسلامی کۆدەبنەوە

ئەمرۆ 4ی7ی2022 شاندێکی باڵای یەکێتی زانایان بە سەرپەرشتی بەرێز د. عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان سەردانی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمیان کردو لەلایەن بەرێز د. ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردە بەگەرمیەوە پێشوازی کران.


سەردانەکە بە مەبەستی بەدواداچوون و گفتوگۆی پرسی گۆڕین و نەگۆڕینی وانەی پەروەردەی ئیسلامی بوو، کە ماوەیەکە دەنگۆی ئەوە هەیە وانەی پەروەردەی ئیسلامی دەگۆڕدرێت و لە شوێنیدا وانەی پەروەردەی ئایینەکان یان مێژووی ئایینەکان دەخوێندرێت.


سەرەتای دانیشتنە بەرێز د. عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان ئامانجی سەردان و دانیشتنەکەی بۆ وەزیری پەروەردە باس کردو ئاماژەی بە رۆڵی وانەی پەروەردەی ئیسلامی کرد لە پەروەردەکردنی رۆڵەکانمان لەناوەندەکانی خوێندن و تەئکیدی لەوە کردەوە کە یەکێتی زانایان بەهەموو توانایەکی پاڵپشتی بایەخی زیاتر بە بواری پەروەردە دەکات.


سەرۆکی یەکێتی زانایان گوتیشی: ماوەیەکە دەبیستین کە گوایە وانەی پەروەردەی ئیسلامی دەگۆڕدرێت و بابەتی تر لە شوێنی دادەندرێت، بۆیە ویستمان لە نزیکەوە تاوتوێی راستی و ناراستی و ئەگەری ئەم پرسە لەگەڵ ئێوە باس بکەین، چونکە بۆ هەموو لایەکمان پەروەردەو وانەی پەروەردەی ئیسلامی گرنگەو کوردستانیش تایبەتمەندی خۆی هەیە.


دواتر بەرێز د. ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردە وێڕای خۆشحاڵی دەربڕین بەو سەردانەی شاندە، باسی لە رۆڵ و پێگەی یەکێتی زانایان کردو سوپاسی خۆیشی ئاراستەی سەرۆک و ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان کرد بۆ ئەوەی لە نزیکەوە ئاگاداری تەواوی زانیاریەکان بن.


وەزیری پەروەردە گوتی: سەبارەت بە دەنگی گۆڕینی وانەی پەروەردەی ئیسلامی هیچ بنەمایەکی دروستی نیەو بە دڵنیاییەوە نە شتی وا بووە نە شتی واش دەبێت، بەڵکو ئێمە لە قۆناغی 1ی سەرەتایی تا 12ی ئامادەیی کتابی وانەی پەروەردەی ئیسلامیمان بە جوانترین شێوە چاپ کردۆتەوەو یەک بڕگەشمان نەگۆڕیوە، نە سیاسەتی وەزارەت و نە بەرنامەی حکومەتیش بەو ئاراستە نیە شتی وا بکات، لەوەش زیاتر دڵنیاتان دەکەمەوە کە لە وەزارەتی پەروەردە بیر لە هەنگاوی لەو شێوە نەکراوەتەوە.


شایەنی باسە یەکێتی زانایان لە ماوەی رابردوو هەماهەنگی تەواوی هەبووە لەگەڵ وەزارەتی پەروەردەو لەبەرنامەی کاریش بووە هەردوولا پەرەی زیاتر بە رەوشی پەروەدەی ئیسلامی بدەن، ئەو دەنگۆیانەی لەبارەی گۆڕین و نەگۆڕینی وانەی پەروەدەری ئیسلامیەوە هەن و بازاڕی سۆشیال میدیای پێ گەرم کراوە، هیچ بنەمای دروستیان نیەو وانەی پەروەردەی ئیسلامی وەک خۆی ماوەتەوەو دەمێنێتەوە.