لەسەر پرسی پرۆژە یاسای پەروەردە مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان پێشوازی لە لێژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی کوردستان دەکات

ئەمرۆ 6ی7ی2022 بەرێز د. عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان و مامۆستا مەلا جەلال خەیلانی جێگری سەرۆک و د.حسن موفتی ئەندامی مەکتەبی تەنفیزی پێشوازیان لە بەرێز عبدالسلام دۆلەمەری سەرۆکی لێژنەی پەروەردەو مامۆستا وەیسی مەلا سەعید ئەندامی بڕیاردەری لێژنەی ئەوقاف و کاروباری ئایینی لە پەرلەمانی کوردستان لە بارەگای مەکتەبی تەنفیزی کرد.


لە دانیشتنێکدا باس لە پرۆژە یاسای وەزارەتی پەروەردەکرا، کە ئێستا لە پەرلەمانی کوردستانەو خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کراوەو خوێندنەوەی تریشی بۆ دەکرێت، بەتایبەت پرسی مادەی چواردە کە لە چەند بڕگەیەکدا باس لەوانەی پەروەردەی ئیسلامی دەکات و دەنگۆی ئەوە هەیە وانەکە لاببرێت یان جێگرەوی بۆ دیار بکرێت.


بەرێز د. عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان باسی لە گرنگی و پێگەی وانەی ئیسلامی کردو ئاماژەی بە هەنگاوەکانی یەکێتی زانایان دا بۆ خزمەتی رەوشی ئایینی لە هەرێم و پاراستنی هزرو باوەڕی خەڵکی دینداری کوردستان و ئامانجی گفتۆیەکەی خستەڕوو، ئاخۆ هیچ هەوڵێک هەیە بۆ گۆڕین یان لادان یان جێگرەوەی وانەی پەروەردەی ئیسلامی لەناو ئەم پرۆژە یاسایەی ئێستا لە پەرلەمانی کوردستانە، سەرچاوەی ئەو دەنگۆیانە چیە، کە گوایە بەرنامەیەک هەبێت بۆ لابردنی ئەم بابەتە.


دواتر بەرێز عبدالسلام دۆلەمەری سەرۆکی لێژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی کوردستان بە وردی کۆی هەوڵ و هەنگاوەکانی پرۆژە یاسایەکەو بڕگە پەیوەستەکانی بابەتی وانەی پەروەردەی ئیسلامی روون کردەوەو رایگەیاند، کە هیچ هەوڵێک بۆ لادانی وانەی پەروەردەی ئیسلامی نیە، پرۆژە یاسایەکە لەبەر دەستەو هێشتا خوێندنەوەی تری بۆ دەکرێت، دوو ئاراستە لەسەر مادەکە هەبووە، یەکەمیان ناوی هەموو وانەکان بهێندرێت و بە وانەی سەرەکی لەقەلەم بدرێن، دووەمیان ناوی هیچ وانەیەک نەهێندرێت و هەمووشیان بە وانەی سەرەکی دابندرێن، لەو سۆنگەوە وانەی پەروەردەی ئیسلامی کە تا ئێستا وەک دەرسێکی نا سەرەکی هەژمار دەکرا، ئێستا لە پرۆژە یاسایەکە دەبێتە وانەیەکی سەرەکی و وەک خۆی دەمێنێتەوە، وە ئەو دەنگۆیانەی گوایە مێژووی ئایینەکان دەخرێتە شوێنی وانەی پەروەردەی ئیسلامی دوورن لە راستیەوە.


شایەنی باسە یەکێتی زانایان لە 15ی8ی2021 بە نوسراوی فەرمی ژمارە (594) ئەم پرۆژەی مێژووی ئایینەکان، کە رێکخراوێک پێشنیاری کرد بوو، سەرلەبەری رەتکردۆتەوەو نزیکەی ساڵێکە ئەم بابەتە کۆتایی پێ هاتووەو رەتکردنەوەکەی یەکێتی زانایان لەلایەن دامەزراوەی فەرمی هەرێمی کوردستان پەسند کراوە.