فراكسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی کوردستان سەردانی یەکێتی زانایان دەکات

ئەمرۆ 7ی7ی2022 بەرێز د. عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان بە ئامادەیی مامۆستا مەلا جەلال خەیلانی جێگری سەرۆک و د. عومەر مەلا حسن مرۆ و مامۆستا مەلا حسن خۆشناو ئەندامی مەکتەبی تەنفیز یەکێتی زانایان پێششوازیان لە فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی کوردستان کرد.


لە دانیشتنێکدا گفتوگۆ لەبارەی پرۆژە یاسای پەروەردەو وانەی پێگەی پەروەردە لە ناو پرۆژە یاسایەکە کراو، بەرێز سەرۆکی یەکێتی زانایان بە وردی زانیاری و هەنگاوە پەیوەستەکانی بۆ باس کردو لەسەر ئەنجامی کاری رابردوو دڵنیایی ئەوەی دا کە وانەی پەروەردەی ئیسلامی وەک وانەیەکی سەرەکی لە ناو یاساکە هەژمار دەکرێت و ئەو دەنگۆیانەی باس لەوە دەکەن شتی تر دەبێتە جێگرەوەی وانەکە دوورن لە راستیەوە. دواتر هەردوولا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ناوەرۆکی دانیشتنەکەو گفتوگۆی پەیوەست بە پرسەکەیان بۆ خەڵکی کوردستان روون کردەوە.


سەرۆکی یەکێتی لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکە گوتی: لە ماوەی رابردوو بابەتی گۆڕین و نەگۆڕینی وانەی پەروەردەی ئیسلامی لە سۆشیال میدیا دەنگۆیەکی گەورەی دروستکرد، بۆیە ئێمە لە یەکێتی زانایان پیشەییانە کاری خۆمان کردو لەگەڵ وەزراەتی پەروەردە کۆبووینەوەو دڵنیایی تەواویان پێداین کە شتی وا نەبووەو نابێت و وانەی پەروەدەی ئیسلامیش وەک وانەیەکی سەرەکی هەژمار دەکرێت.


سەرۆکی یەکێتی زانایان گوتیشی: زانایانی ئایینی وەک ئەرکی هەمیشەیی ئایین و عەقیدەی ئەم میللەتە دەپارێزن، لەبەر ئەوەی ئەوان نوێنەرایەتی ئایینی پیرۆزی ئیسلام دەکەن و هیچ کات کەمتەرخەمی ناکەن.


دەتوانن لەم لینکە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکە ببینن:


https://fb.watch/e6WysfqDII/