شاندێکی وەزارەتی ئەوقاف و یەکێتی زانایان بەشداری یەکەمین کۆنگرەی ناوچەیی یەکێتی ئیسلامی لە شاری سنە لە کوردستانی رۆژهەڵات دەکات

ڕۆژی ۲٠ی ۷ی ۲٠۲۲ شاندێکی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی و یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان کە پێکهاتبوون لە بەڕێزان: دکتۆر عرفان رشید و مەلا عبدالله شیرکاوەیی ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزی و مامۆستا هاوژین رؤوف بەرێوەبەری گشتی ئەوقافی سلێمانی و د. پشتیوان سرێشمەیی بەڕێوەبەری ئەوقافی سۆران بەشداریان لە یەکەمین کۆنگرەی ناوچەیی یەکێتی ئیسلامی لە شاری سنەی کوردستانی رۆژهەڵاتی ئێران کرد.


کۆنفرانسەکە بە ناونیشانی (یەکەمین کۆنگرەی ناوچەیی ئیسلامی- کوردستان سیمبولی یەکڕیزی ئۆمەتی ئیسلامی و پێکەوەژیانی نەتەوەو ئایینەکان) بەئامادەبوونی بەڕێز ئاغای پور زەهەبی نوێنەری رەهبەری کۆماری ئیسلامی و دکتۆر حەمید شەهریاری ئەمینداری گشتی دامەزراوەی کۆربەندی جیهانی نزیکبوونەوەی ئایینزاکانی ئیسلام و


دکتۆر ئیسماعیل کوشا پارێزگاری سنەو گەورە زانایانی کوردستانی رۆژهەلات و بەرپرسانی ئیداری و ژمارەیەکی بەرچاو لە مامۆستایانی ئایینی هەولیرو سلێمانی و مامۆستایانی زانکۆو لێکۆڵەرو نووسەرانەوە ساز کرا.


ئامانج لەم کۆنگرەیە لێک نزیکردنەوەی پەیڕەوانی ئایین و مەزهەب و کارکردن لەسەر خاڵە هاوبەشەکان و وەلانانی جیاوازی و ناکۆکیەکان بوو.


لەم کۆنگرەیە کۆمەڵێک وتار پێشکەش کران، کە پەیوەست بوون بە رەهەندو بنەماکانی لێکتێگەیشتن و لێک نزیکی و رێزگرتنی پەیڕەوانی مەزهەبەکان و پێکهاتە نەتەوەییەکان.


باس لەوە کرا کوردستان هەمیشە سەکۆیەک بووە بۆ پێکەوەژیان و فەرهەنگی یەکتر قبولکردن و هەماهەنگی و برایەتی.


هەر لەم کۆنگرەیە بەرێز د.عرفان رەشید ئەندامی مەکتەبی تەنفیزی و سەرۆکی شاندەکە بەنوێنەرایەتی وەزارەتی ئەوقاف و یەکێتی زانایان وتارێکی پێشکەش کردو سڵاوو رێزی بەڕێزان وەزیری ئەوقاف و سەرۆکی یەکێتی زانایانی گەیاندە بەشداربووانی کۆنگرەکەو باسی لە گرنگی یەکبوونی ئۆمەتی ئیسلام و پەیڕەوی مەزهەبەکان و زەرورەتی پێکەوەژیانی ئایینی کردو هەماهەنگی زانایانی ئایینی لە هەرێم و کوردستانی رۆژهەڵات بەرز نرخاند لە بایەخدان بە پرسی یەکبوون و یەکتر قبوڵکردن، لەو سۆنگەوە رۆڵی حکومەتی هەرێمی بەرز نرخاند کە پشتگیری لەم هەنگاوە کردووەو دەکات و ئامانجیەتی هەمووان پێکەوەو بە لەبەر چاوگرتنی خاڵە هاوبەشەکان هەنگاو بنێن.