بەرێوەبەری ئەوقاف و شاندێکی زانایانی شاری موسڵ و دەشتی نەینەوا سەردانی یەکێتی زانایان دەکات

ئەمرۆ 15ی8ی2022 بەرێز د. عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان بە ئامادەیی بەرێزان مامۆستا مەلا جەلال خەیلانی جێگری سەرۆک و د.عومەر مرۆ و مامۆستا مەلا حسن قادیانی ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان پێشوازیان لەشاندێکی زانایانی موسڵ بەسەرپەرشتی بەرێز د.نشوان ئەلحیانی بەرێوەبەری ئەوقافی پارێزگای موسل کرد.


لە دانیشتنێکدا بەرێز بەرێوەبەری ئەوقافی موسڵ بەناوی ئەوقاف و زانایانی موسڵ سوپاس و خۆشحاڵی خۆی گەیاندە مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان لەهەمبەر پێشوازی گەرمیان لە شاندی ناوبراو، هەروەها باسی لە پێگەو رۆڵی بەرچاوی یەکێتی زانایان لەخزمەتکردن و بڵاوکردنەوەی هزری میانڕەوی و بایەخدان بە پێکەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی کردو گوتیشی: ئامانجمان لەو سەردانە پتەوکردنی دۆستایەتی و دووپاتکردنەوەی بەڵێنی هەماهەنگی نێوان هەردوولایە.


لەلایەن خۆشیەوە سەرۆکی یەکێتی زانایان خۆشحاڵی خۆی بەو سەردانەی شاندەکە دەربڕی و رۆڵی زانایانی بە گشتی لە خزمەتکردنی موسڵمانان و کۆمەڵگەو پرسە چارەنووسسازەکان بەگرنگ وەسف کردو گەنگەشەی دوا پەرەسەندنەکانی نێوان ناوچەکەو رەوشی ئایینی و زانایانی بەرێزی ئایینی کرد، تەئکیدی لەوە کردەوە کە یەکێتی زانایان هەمیشە هەماهەنگ و دەسپێشخەرە بۆ هەر هەنگاوێک لەخزمەتی دۆخی ئایینی و پێکەوەژیان و سەقامگیری بێت.


شایەنی باسە هەر لە دانیشتنەکەدا کۆمەڵێک پرس و بابەتی پەیوەست بە هەردوولاو کاری دامەزراوەیی و خوێندنی ئیسلامی و گوتاری ئایینی و هزری میانڕەوی و دژایەتی بیری توندرۆیی باسی لێوە کراو بەشداربووانی کۆبوونەوەکە سەرنج و قسەی خۆیان خستە ڕوو.