لقی هه‌ولێری یه‌كێتی زانایان سه‌ردانی په‌یمانگای زانسته‌ ئیسلامیه‌كان ده‌كات

مه‌لا سید صدیق كه‌پرانی، ڕاگه‌یاندنی لقی هه‌ولێر:
سه‌ر له‌به‌یانی رۆژی 29/11/2010 شێخ نیاز راغب دێگه‌یی به‌رپرسی لقی هه‌ولێری یه‌كێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان، له‌گه‌ڵ شاندێكی یاوه‌ری، كه‌ پێكهاتبوو له‌ كارگێڕو ئه‌ندامانی لق، سه‌ردانی په‌یمانگای زانسته‌ ئیسلامیه‌كان بۆ پێگه‌یاندنی پێش نوێژو وتارخوێنانیان كرد، به‌ مه‌به‌ستی دوپاتكردنه‌وه‌ی پشتگیری‌و هاوكاری قوتابیانی په‌یمانگای ناوبراو، و له‌لایه‌ن مامۆستا مه‌لا عومه‌ر مرۆ ڕاگری په‌یمانگاو، مامۆستایانی په‌یمانگای ناوبراو پێشوازیان لێكرا.

سه‌ره‌تای سه‌ردانه‌كه‌ شێخ نیاز دێگه‌یی سوپاسی مامۆستایانی كرد بۆ ئه‌م پێشوازیه‌ گه‌رمه‌‌و، دواتر سه‌ردانی ناو هۆڵه‌كانی قوتابیانی كرد‌و، قوتابیانی دواند به‌ مه‌به‌ستی زیاتر ئاگادار بوون له‌ ئاستی زانستیان‌و داواكاری‌و گیرو گرفته‌كانیان‌و، چاره‌سه‌ركردنیان .
به‌رپرسی لق قوتابیانی دڵنیاكرده‌ووه‌، كه‌ ئێمه‌ وه‌كو لقی هه‌ولێری یه‌كێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان، هه‌وڵی جددی‌و چڕ ده‌ده‌ین بۆ چاره‌سه‌ركردنی هه‌رجۆره‌ گیروگرفتێك كه‌ ڕوویان تێبكات، چونكه‌ ئومێدێكی گه‌وره‌و گه‌شمان به‌ قوتابیانی ئه‌م په‌یمانگایه‌ هه‌یه‌، بۆ ئه‌وه‌ی له‌دوای ده‌رچوونیان بتوانن خزمه‌تێكی گه‌وره‌ پێشكه‌ش به‌ كۆمه‌ڵگای كورده‌واری موسلمانی خۆمان بكه‌ن.
.
هه‌ر له‌ درێژه‌ی وته‌كانیدا به‌رپرسی لق به‌ڵێنی ئه‌وه‌ی به‌ قوتابیان دا، كه‌ ئاهه‌نگی یه‌كتر ناسینیان بۆ ڕێك بخات، وه‌كو دیاریێكی لقی هه‌ولێری یه‌كێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان.

له‌ كۆتایشدا به‌ڕیزیان، دوپاتی هه‌رجۆره‌ هاریكاری‌و پاڵپشتیێكی بۆیان كرده‌وه‌، به‌ مه‌به‌ستی سه‌رخستنی خوێندنی ئیسلامی له‌ هه‌رێمی كوردستان‌و ده‌ڤه‌ره‌كه‌.
له‌لایه‌ن خۆشیه‌وه‌ مامۆستا مه‌لا عومه‌ر مرۆ ڕاگری كۆلیژی په‌یمانگای ناوبراو، به‌ ناوی خۆی‌و سه‌رجه‌م مامۆستایان‌و قوتابیانی په‌یمانگا، زۆر سوپاسی لقی هه‌ولێری یه‌كێتی زانایانیان كرد، بۆ ئه‌م به‌سه‌ركردنه‌وه‌و پاڵپشتی به‌ڕێزیان به‌ فاكته‌رێكی سه‌ره‌كی‌و گرنگ زانی بۆ سه‌ركه‌وتن‌و سه‌رخستنی خوێندنی ئیسلامی.