لقی هه‌ولێری یه‌كێتی زانایان كۆبونه‌وه‌ی فراوانی مانگانه‌ی خۆی ئه‌نجام ده‌دات

مه‌لا سه‌ید سه‌دیق كه‌پرانی، ڕاگه‌یاندنی لقی هه‌ولێر:
سه‌رله‌ به‌یانی رۆژی 28/11/2010 لقی هه‌ولێری یه‌كێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان، له‌باره‌گای لق به‌ سه‌رپه‌رشتی شێخ نیاز راغب دێگه‌یی، به‌رپرسی لقی هه‌ولێری یه‌كێتی زانایان كۆبوونه‌وه‌ی فراوانی مانگانه‌ی خۆی ئه‌نجامدا.

له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا، به‌رپرسی لق‌و، كارگێڕو، ئه‌ندامانی لق‌و، به‌رپرسی ناوچه‌كان ئاماده‌ی بوون، سه‌ره‌تا شێخ نیاز راغب دێگه‌یی به‌رپرسی لقی هه‌ولێری یه‌كێتی زانایان، به‌ وردی تیشكی خسته‌ سه‌ر پابه‌ندبوونی گشت كارگێڕو ئه‌ندامانی لق، به‌ ده‌وامی فه‌رمی ڕۆژانه‌یان‌و، ڕاپه‌ڕاندن‌و گرنگیدانیان به‌ كاری به‌شه‌كانیان، بۆ زیاتر خزمه‌تكردنی مامۆستایانی ئاینی‌و، گشت كه‌سایه‌تیه‌ ئاینی یه‌كان، هه‌روه‌ها ته‌ئكیدیشی له‌سه‌ر زیاتر توندو تۆڵكردنی به‌شی ڕێكخستنی لق‌و، گشت ناوچه‌كان كرده‌ووه‌، وه‌ به‌ بۆنه‌ی كردنه‌وه‌ی ڕادیۆی{ژیان} ی یه‌كێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان، به‌ پیوێستی زانی، كه‌ به‌شی ڕاگه‌یاندنی لق زیاترگرنگی به‌م ڕادیۆیه‌ بدات، بۆ بلاوكردنه‌وه‌ی كاروچاڵاكییه‌كانی، وه‌ ئاماژه‌شی كرد به‌كات‌و واده‌ی كردنه‌وه‌ی خولێكی تایبه‌ت بۆ گشت ناوچه‌كان، به‌ مه‌به‌ستی زیاتر شاره‌زابوونیان‌و ئاشنا بوونیان به‌ شێوازو چۆنیه‌تی نووسینی ڕاپۆرتی مانگانه‌یان‌و، به‌رزكردنه‌وه‌ی نووسراو و وه‌ڵامدانه‌وه‌یان، به‌ مه‌به‌ستی به‌كارهێنانی شێوازێكی سه‌رده‌میانه‌‌و پێشكه‌وتوو انه‌ له‌ كاره‌كانیان.

پاشان به‌ڕێزیان سه‌ردانی دام‌و ده‌زگاكان له‌لایه‌ن ستافی ناوچه‌كانه‌وه‌ به‌ فاكته‌رێكی گرنگ وه‌سف كرد بۆ سه‌ركه‌وتنی كاره‌كانی ناوچه‌كان، به‌ڵام به‌ مه‌رجێك ناوچه‌كان له‌گه‌ڵ ئاسته‌كانی خۆیان په‌یوه‌ندی بكه‌ن.

دواتر دوپاتی كرده‌وه‌: له‌كاتی ڕوودانی هه‌ر كێشه‌یه‌ك، ده‌بێت په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ لق بكه‌ن، به‌ مه‌به‌ستی باشتر چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان.
پاشان به‌رێزیان تیشكی خسته‌ سه‌ر باسی گرنگیدان به‌ بۆنه‌ ئاینیه‌كان‌و، گوتی: كاتێك مه‌ڕاسیمێكی تایبه‌ت به‌ مامۆستایانی ئاینی ده‌بێت له‌ سنووره‌كانیان، ده‌بێت ئه‌وان كه‌سی یه‌كه‌م بن بۆ پێشوازیكردن له‌ ئاماده‌بووان‌و، هه‌ڵَسورانی كارو به‌رنامه‌ی بۆنه‌و مه‌راسیمه‌كه‌ به‌ هه‌موو لایه‌ك‌و، خزمه‌ت بنوێنرێت بۆ زیاتر دره‌وشانه‌وه‌ی گشت پرسه‌ ئاینی یه‌كان، له‌ سه‌رتاسه‌ری هه‌رێمی كوردستان، به‌ تایبه‌تیش له‌ شاری هه‌ولێری پایته‌خت.

له‌ كۆتایی وته‌كانیشیدا دوپاتی كرده‌وه‌، كه‌ به‌ گوێره‌ی توانا هه‌رچی زووتره‌ پێداویستیه‌كانی ناوچه‌كان بۆیان ته‌رخان ده‌كرێت.