مه‌لایه‌تی‌و بڕوانامه‌

Hem992003@yahoo.com

نێوانی مه‌لایه‌تی و بروانامه‌ تا دوو سێ‌ ده‌یه‌ به‌ر له‌ ئێستا زۆر ته‌ندروست نه‌بوو, گرژیی نێوان ئه‌و دوو چه‌مكه‌ له‌ سه‌رچاوه‌یه‌كه‌وه‌ هه‌ڵقوڵا بوو كه‌ مه‌لایه‌تی وه‌كو چه‌مكێكی دیارو پڕ به‌رهه‌م و كاریگه‌ر له‌ نێو كۆمه‌ڵگادا، هیچ چه‌مكێكی بڕوانامه‌ی به‌ هاوكوفی خۆی نه‌ده‌زانی, چونكه‌ میكانیزمه‌ دونیاییه‌كان له‌ نێو بۆته‌ی مه‌لایه‌تیدا جێگای نه‌ده‌بۆوه‌, به‌تایبه‌تیش بڕوانامه‌ وه‌ك ده‌نگ و ره‌نگێكی رۆژئاوایی هاته‌ رۆژهه‌ڵات و بۆ زانسته‌كانی تر و بۆ به‌رێوه‌بردنی كاروباری ئیداری، چزوره‌‌و پاشتریش گوڵی ده‌ركرد.. به‌ بروانامه‌كردنی مه‌لایه‌تی له‌ جیاتی ئیجازه‌نامه‌ ده‌ست و پێی مه‌لایه‌تی به‌ست و چه‌قبه‌ستووی كرد, به‌ جۆرێك پێشتر زانای ئاینی به‌ رێزه‌وه‌ له‌ زانسته‌ دونیاییه‌كانی ده‌ڕوانی و بڕوانامه‌كانیانی به‌ په‌سه‌ندو بێ‌ زیان داده‌نا, به‌ڵام هه‌موویان ئاماده‌یی ئه‌وه‌یان تێدا نه‌بوو خۆیان له‌به‌رده‌م بڕوانامه‌و ئه‌وه‌ی پێی ده‌گوترێت زانكۆ بچووك بكه‌نه‌وه‌, له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئه‌وان به‌ شه‌وقی چراو فانۆسی حوجره‌كانه‌وه‌ زانستیان رسكابوو، ئه‌و زانسته‌یان له‌ تاریكی حوجره‌كانه‌وه‌ شه‌وقی له‌ رۆشنایی نوێژی نیوه‌ڕۆی زانكۆكان ده‌بڕی و ده‌بووه‌ كانییه‌ك و خوێندكارانی زانكۆ سه‌رده‌مییه‌كان ئاویان لێ‌ ده‌خوارده‌وه‌.

ئه‌وه‌ی له‌م نووسینه‌دا مه‌به‌ستمه‌ بێ‌ نرخ كردنی بڕوانامه‌ نییه‌ بۆ مه‌لایان, ئه‌وه‌نده‌ی قسه‌كردنه‌ له‌ جۆری ره‌فتاری مه‌لایانی ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ بڕوانامه‌دا, به‌ مانای ئه‌وه‌ی حه‌زوو خولیایه‌كی له‌راده‌به‌ده‌ر له‌ ناخی مه‌لای كورددا هه‌یه‌ بۆ بروانامه‌, كه‌ شێوه‌و شێوازی ئه‌م حه‌زه‌ جێگای هه‌ڵوه‌سته‌ له‌سه‌ركردنه‌. به‌تایبه‌تی له‌ حاڵێكدا ئه‌م خولیایه‌ بۆن و به‌رامه‌ی دونیای لێ‌ بێت نه‌ك دوارۆژ, واته‌ بۆ رایی كردنی ئیش و كاری رۆژانه‌ و وه‌ك مۆدێلێك, شه‌رع هیچ ناكۆكی له‌گه‌ڵ نییه‌, به‌ڵام له‌و حاڵه‌دا جێگای قسه‌له‌سه‌ركردنه‌ كه‌ له‌ ناخی مه‌لای كورددا بڕوانامه‌ هێنده‌ به‌ گرنگ بزانرێ‌ زه‌ره‌ر به‌ دلسۆزی بوون بۆ ئایینه‌كه‌و حاله‌ته‌ مه‌عنه‌وییه‌ رۆحییه‌كه‌ بگه‌یه‌نێ‌ و جۆرێك له‌ شانازی كردن و شێوه‌یه‌ك له‌ خۆبه‌زل زانینی تێدا بێ‌, خۆبه‌زل زانینه‌كه‌ش له‌ شوێنی خۆی نه‌بێ‌, به‌ڵكو به‌راورد بكرێ‌ له‌گه‌ڵ پایه‌و باڵای زانستی دینی و كه‌سی ده‌رچووی به‌ر حوجره‌ی ساده‌و ساكاره‌وه‌.

خه‌ڵكی تری پابه‌ندنه‌بوو به‌ ئایین رووی نایه‌ت شانازی به‌ ئاستی زانكۆكانی ئه‌مرۆ بكات و خۆی پێدا هه‌ڵداته‌وه‌, جا چ جای ئه‌وه‌ی زانایه‌كی ئایینی به‌ خۆی و كۆڵێ‌ زانستی ئایینییه‌وه‌ نه‌ك هه‌ر به‌ زانستی زانكۆكانه‌وه‌ سه‌رسامه‌ به‌ڵكو قبووڵیشی نییه‌ له‌ چوارچێوه‌ی ناوونیشانی مه‌لایه‌تیدا بمێنێته‌وه‌و ده‌ست و پێی بڕوانامه‌ ماچ ده‌كاو به‌رگ و ناوی مه‌لایه‌تی فڕێ‌ ده‌داو به‌ له‌قه‌بێكی زانكۆوه‌ رازی ده‌بێت، ئه‌مه‌ سه‌ری كێشاوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌ نوێژی نیوه‌ڕۆ مه‌لای چه‌ندین ساڵه‌ رازی به‌ له‌قه‌بی مه‌لایه‌تی, ئه‌مڕۆ به‌ وه‌رگرتنی شه‌هاده‌یه‌كی زانكۆ رازی نییه‌ ناوی مه‌لای به‌به‌ردا ببڕێ‌ و به‌ ماجستێرو دكتۆرا ناز ده‌كاو ده‌یخاته‌ پێش شه‌هاده‌ی مه‌لایه‌تییه‌وه‌.

ئه‌ز وه‌ك مامۆستایه‌كی زانكۆ, هه‌زار جار سه‌ری قوتابییه‌تیم له‌هه‌مبه‌ر ئه‌و زاناو مه‌لایانه‌ی حوجره‌دا نه‌وی ده‌كه‌م كه‌ پر به‌رهه‌م و نووسین بوونه‌و پێشم وایه‌ هه‌زار ماسته‌رو دكتۆرام هه‌بێ‌ ناگه‌مه‌ پله‌ عیلمی و رۆحی مه‌عنه‌وییه‌كانی ئه‌وان, بۆیه‌ به‌ كارێكی نه‌نگی ده‌زانم كه‌ مامۆستایانی ئایینی له‌ هه‌مبه‌ر له‌قه‌بی خۆیان بێ‌ نمه‌ك بن و به‌ بروانامۆكه‌یه‌كی ماسته‌ر یان دكتۆرا ناز بكه‌ن, كه‌ دواجار سه‌رده‌كێشێ‌ بۆ خۆبه‌زل زانینی ناخ و رۆح.

له‌ راستیدا زانایانی جارانی كورد, هه‌ر یه‌كێكیان له‌ لایه‌نی رۆحیی و زانستییه‌وه‌ له‌ پێش مه‌لایانی ئێستا بوون, به‌ڵام هه‌میشه‌ بۆ خۆ ده‌رنه‌خستن و بۆ سه‌رزه‌نشت كردنی ده‌روونیان خۆیان به‌ سووك و چرووك و بچووك و كه‌م زان زانیوه‌, كه‌سێكی وه‌ك مامۆستا عه‌بدولكه‌ریمی موده‌ریس ئاماده‌نه‌بووه‌ خۆی بخاته‌ به‌رده‌م بڕوانامه‌ی دكتۆراو پرۆفیسۆریی, چونكه‌ ئامانجێكی دیكه‌ی هه‌بوو و هێنده‌ عیززه‌تی زانستی هه‌بوو, له‌ به‌رامبه‌ریشدا هێنده‌ خۆی پێ‌ كه‌م زان بوو, كه‌ هه‌موویشی له‌ فیكری ته‌وازوع و دلسۆزی دابوو نه‌ك خۆ بچووك كردنه‌وه‌ له‌ بۆته‌ی شه‌هاده‌یه‌كدا, هه‌روه‌ك جه‌نابی (مه‌لای گه‌وره‌) له‌ ته‌فسیره‌كه‌یدا ئاوا ده‌نووسێ‌ (به‌نده‌ی حه‌قیر له‌یادمه‌....)،(به‌رگی4 لاپه‌ره‌233), له‌ به‌رامبه‌ریشدا هیچ شه‌هاده‌یه‌كی به‌ سه‌پانی خۆی نه‌ده‌زانی, ئه‌مه‌ ئه‌وه‌ ده‌سه‌لمێنێ‌ كه‌ زانای ئه‌مڕۆ ئه‌وانه‌ی به‌ دكتۆراوه‌ ده‌نازن ئه‌گه‌ر هێنده‌ی مه‌لای گه‌وره‌ زانستیان هه‌بێ‌ ده‌بێ‌ چۆن ره‌فتار له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی تر بكه‌ن و چۆن به‌ بڕوانامه‌كانیان سه‌رسام بن؟

ئه‌مڕۆ له‌ هه‌موو كات پێویستمان به‌ بڕوانامه‌یه‌, به‌ڵام بڕوانامه‌یه‌ك بۆ مه‌لای كورد كه‌ نه‌یخاته‌ پێش مه‌لایه‌تییه‌كه‌ی و مه‌لای گه‌وره‌ ئاسا هه‌ر له‌ به‌ر تریفه‌ی زانستدا حه‌قیر و بچووكێك بێت و به‌ پۆست و پله‌ بروانامه‌ له‌قه‌بی مه‌لایه‌تی خۆی فڕێ‌ نه‌داو بێ‌ نمه‌ك نه‌بێ‌.