بە ئامادەبوونی سەرۆکی یەکێتی زانایان مەراسیمی رێزگرتن لە 54 قوتابی ئافرەتی قورئان لەبەر بەرێوە دەچێت

رۆژی 31ی8ی2022 بەرێز د. عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان بە یاوەری مامۆستا مەلا جەلال خەیلانی جێگری سەرۆک لە شاری هەولێرو لە هۆڵی میدیا بەشداری لە مەراسیمی رێزگرتن لە 54 قوتابی ئافرەت کرد، کە تەواوی قورئانی پیرۆزیان لەبەر کردبوو.


مەراسیمەکە لەلایەن بنکەی لەبەرکردنی قورئانی پیرۆز لە وەزارەتی ئەواقاف و کاروباری رێکی خستبوو، کە تێیدا ژمارەیەکی بەرچاوو لە مامۆستایانی ئایینی و بەرپرسانی حکومی و کەسایەتی و جەماوەرێکی زۆر ئامادەبوون.


لەم مەراسیمە سەرۆکی یەکێتی زانایان وتەیەکی پێشکەش کردو دەستخۆشی لە بنکەی لەبەرکردنی قورئانی پیرۆز کردو پیرۆزبایی گەرمیشی ئاراستەی ئەو ئافرەتە بەرێزانە کرد، کە تەواوی قورئانی پیرۆزباییان لەبەر کردووە، دواتر باسی لە گرنگی و گەوەریی قورئانی پیرۆز کردو هیوای خواست وەزارەتی ئەوقاف زیاتر بایەخ بەم هەنگاوە بدات، بۆ ئەوەی کۆمەڵگەی کوردی کە کۆمەڵگەیەکی زۆرینە موسڵمانە لەسەر رێ و رەوشتی سەروەرمان پێغەمبەر درودی خوای لەسەر بێت هەنگاو بنێت و بایەخ بە قورئانی پیرۆزو زانستە شەرعیەکان بدەن.


شایەنی باسە دواتر بڕوانامەی رێزلێنان بەسەر بەشداربووان دابەش کراو چەند وتارەکی تریش بەم بۆنەوە خوێندرانەوە.