لەژێر دروشمی پێکەوە بەرەو ئایندەیەکی گەشتری پێکەوەژیانی ئایینی وۆرکشۆپێک بەرێوە دەچێت

 ئەمڕۆ ۵ی۹ی۲٠۲۲ بەئامادەبوونی بەرێز د.عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان و مامۆستا مەلا جەلال خەیلانی جێگری سەرۆک و ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی و بە بەشداری نوێنەری وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی و ژمارەیەک مامۆستای ئایینی و نوێنەری ئایینەکانی مەسیحی و ئێزیدی و قوتابیانی بەشی بەراوردی ئایینەکان، وۆرکشۆپێکی تایبەت بەناونیشانی (پێکەوە بەرەو ئایندەکی گەشتری پێکەوەژیانی ئایینی) کە لەلایەن رێکخراوی کایسید بەهەمانگی یەکێتی زانایان بەرێوە چوو.


سەرەتا بەرێز د.جعفر گوانی ئامانجی وۆرکشۆپەکەی بۆ ئامادەبووان خستە روو، وە پێویستی کارکردن بۆ پاراستنی پێکەوە ژیانی ئایینی لە کوردستان بە گرنگ وەسف کرد.


دواتر بەرێز د.عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان وتەیەکی پێشکەش کردو باسی لە گرنگی پێکەوەژیانی ئایینی و واقعی کوردستان کرد، کە نمونەکی جوانی پێکەوەژیانە، ئاماژەی بە بایەخی ئیسلام و سەردەمی پێغەمبەر درودی خوای لەسەر بێت هێنایەوە، کە پاڵپشتی پێکەوەژیان دەکەن و هانی خەڵک دەدەن رەچاوی یەکتری بکەن و رێزی لە یەکتری بگرن.


هەروەها گوتی: لەکوردستان کێشەی پێکەوەژیانمان نەبووەو لەکاتی تەنگانەو لێقەومان و بەرگریش موسلمان و مەسیحی و پێکهاتەکانی تر پێکەوە هەمانگ و هاوکاری یەک بوون و دیفاعیان کردووە، بگرە مزگەوتەکان بۆ مەسیحیە ئاوارەکان کرایەوەو خزمەت کران.


شایەنی باسە دواتر چەند بابەتێکی تر پەیوەست بە پێکەوەژیان پێشکەش کران و بەشداربووانیش بە سەرنج و پێشنیارو بۆچوونی خۆیان دانیشتنەکەیان دەوڵەمەند کردو بەتێروتەسەلی گەنگەشەی بابەتەکە کرا..