بە ئامادەبوونی سەرۆکی یەکێتی زانایان مزگەوتی حاجی عەلی بندیان لە شاری هەولێر کرایەوە

ئەمرۆ 7ی9ی2022 بەئامادەبوونی د. پشتیوان سادق وەزيری ئەوقاف و کاروباری ئایینی و بەرێز د. عبداللە مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان و بەرێز ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێرو ژمارەیەکی زۆر لەمامۆستایانی ئایینی و شێخانی تەریقەت و کەسایەتی و جەماوەری شاری ھەولێر،  مزگەوتی حاجی عەلی بندیان لەشاری ھەولێر کرایەوە.


لەوتەیەکدا د. پشتیوان سادق جەختی کردەوە کە کوردستان شوێنێکی ئارامە، ھەردەم ئایینی پیرۆزی ئیسلام و زانایان و سەرجەم کەسایەتی ئایینەکانی تر ڕۆڵیان ھەبووە لە خزمەتکردنی کوردستان، گەربەراوردی ھەرێمی کوردستان و ناوچەکانی تری عێراق بکەین بێگومان ئەم شانازییە بۆ ھەمووان دەگەڕێتەوە. بۆیە ئەرکە دەسکەوتی زیاتر بۆخەڵکی کوردستان بەدەست بێنین، حکومەتی کوردستانیش درێخی ناکات لە خزمەتکردنی ھاوڵاتیان.


دواتر بەرێز د.عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان وتەیەکی پێشکەش کردو تێیدا وێڕای دەستخۆشی لە خێرخوازان و سەپەرشتیارانی مزگەوت، پیرۆزبایی خۆیشی ئاراستەی ئامادەبووان و موسڵمانان کرد، دواتر باسی لە پێگەو رۆڵ و کاریگەری مزگەوت لەناو کۆمەڵگەی کوردی کردو رایگەیاند: بەدرێژایی مێژووی کورد، مزگەوت رۆلێکی کارای هەبووە لە بڵاوکردنەوەی گیانی برایەتی و تەبایی و پێکەوە ژیان و دژایەتی کردنی بیری توندرەوی و سەقامگیری کۆمەڵگەو دروستکردنی ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی.


جێگەی ئاماژەیە مەراسیمی کردنەوەی مزگەوتی حاجی عەلی بندیان بەسەرپەرشتی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئەوقافی پارێزگای ھەولێر و بەرێوەبەرایەتی ئەوقافی ھەولێر رێکخرابوو.