به‌یاننامه‌ی یه‌كێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان به‌ بۆنه‌ی 52 ساڵه‌ی دامه‌زراندنیه‌وه‌

بە بۆنەی تێپەڕبوونی پەنجاو دووساڵ بەسەر دامەزراندنی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان، مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان بەیاننامەیەک بەم بۆنەیەوە بڵاو دەکاتەوە، ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتی:


به‌ناوی خوای به‌خشنده‌ی میهره‌بان


((وَاعْتَصِمُوا بِحَبْلِ اللَّهِ جَمِيعًا وَلَا تَفَرَّقُوا وَاذْكُرُوا نِعْمَةَ اللَّهِ عَلَيْكُمْ)) آل عمران:103.


به‌بۆنه‌ی هاتنەوەی ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان و هەڵکردنی مۆمی 52 ساڵ خزمەت و لەمەیدانی ئایینی و پیشەیی، پیرۆزباییه‌كی گه‌رم ئاراسته‌ی گەلی کوردو ته‌واوی زانایانی به‌ڕێزی ئایینی ده‌كه‌ین.


شانازیه‌كی گه‌وره‌یه‌ بۆ یەکێتی زانایان كه‌ چه‌تری كۆكه‌ره‌وه‌ی زانایانەو، لە دۆخی ئێستادا خاوەنی رۆڵ و كاریگه‌ری‌و پێگه‌ی تایبەتەو، به‌رده‌وامیشە له‌خزمه‌تکردنی په‌یامی ئیسلام‌و رێبازی دینداری و هەستی كوردایه‌تی‌و نیشتمانپه‌روه‌ری و گەیاندنی پەیامی میانڕەوی و ئاشتەوایی و مرۆڤدۆستی و پێکەوەژیان.


یه‌كێتی زانایان وه‌ك رێكخراوێكی پیشه‌یی له‌ 21/9/1970 له‌هه‌ل و مه‌رجێكی تایبه‌ت و له‌ پێناو خزمه‌تی ئیسلام و دۆزی ره‌وای گه‌لەکەمان و خزمه‌تی زانایانی ئایینی و کۆکردنەوەیان لەدەوری یەک رێکخراودا له‌ شارۆچكه‌ی گه‌ڵاڵه‌ی باڵه‌كایه‌تی، له‌ژێر ئاڵای كوردستان و له‌سه‌ر راسپارده‌و سه‌رپه‌رشتی راسته‌وخۆی سه‌ركرده‌ی نه‌ته‌وه‌یی مه‌لا مسته‌فای بارزانی دامه‌زراوە.


جێگەی شانازی و خۆشحاڵیە ئەم یادە دەکەینەوە، لەکاتێکدا تا ئەندازەیەکی زۆر توانیومانە بە ئەرکی خۆمان هەڵبستین و ئامانجەکانمان بێنینە دی، رۆڵی یەکەکەی زانایانی بەرێزی ئایینی بەرز دەنرخێنین و سوپاسی ئەرک و ماندووبوونیان دەکەین، کە رۆڵی گرنگیان هه‌بووه‌ له‌ ئاراستەکردنی کۆمەڵگەو به‌ره‌و پێشبردنی یه‌كێتی زانایان‌و هۆشیاری كۆمه‌ڵایه‌تی‌و پاڵپشتی هه‌ڵوێست‌و هه‌نگاوه‌ نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانیه‌كان، بۆیە لێرەوە جەخت لە لایەنی پەیوەندیدار دەکەینەوە، کە پاڵپشتی زانایان بن لەم بەرپرسیارێتیەی شانیان داوەتە بەر  لە پاراستنی ئایین و عەقیدەو سنوورو بەها ئایینی و کۆمەڵایەتی و ئەخلاقیەکانی کۆمەڵگەی کوردی و رەوشی دینداری لەهەرێم.


لەم ساڵوەگەڕەدا جارێکی تر رایدەگەنین لە پێناو ئامانجە ئایینی و پیشەیی و نیشتمانیەکان بەردەوام دەبین و لەخزمەتی زانایانی ئایینی و کۆمەڵگەی کوردی سڵ ناکەین، داکۆکیکاری ئایینی ئیسلام و رێبازی گەورە زانایان و کاری پیشەیی و مافەکانی زانایان دەبین.


دووباره‌ ئه‌م یاده‌ له‌ هه‌موو لایه‌ك پیرۆز ده‌كه‌ین و، هیوای ئایینده‌یه‌كی با‌ش‌و پڕ له‌ ئاشتی و برایه‌تی بۆ كوردو كوردستان دەخوازین، خوای گەورە پشتیوانی هەمووان بێت و بۆ کاروهەنگاوی خێر.


 


یه‌كێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان


20ی9ی2022