سەرۆکی یەکێتی زانایان بەشداری کۆڕبەندی زانستی پزیشکی ئیسلامی لە شاری هەولێر دەکات

ئەمڕۆ ٢٦ی٩ی٢٠٢٢ بەڕێز د.عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان بەشداری لە کۆڕبەندی نەسیم کە تایبەت بوو بە زانستی پزیشکی ئیسلامی کرد، کە لەلایەن کۆلێژی زانستە ئیسلامیەکانی زانکۆی سەلاح الدین بە هاوبەشی سەنتەری توێژینەوە زانکۆ سەلاحەدین ساز کرا بوو.


لەم کۆڕبەندە سەرۆکی یەکێتی زانایان وتەیەکی پێشکەش کردو ئاماژەی بەوە کرد، کە ئیسلام بایەخێکی تەواوی بە بواری تەندروستی و زانستی پزیشکی داوەو پزیشکی نەبەوی نمونەی هەرە دیارە، کە خزمەتی مرۆڤی کردووەو مرۆڤیش رێزلێگیراوەو پێگەیەکی تایبەتی هەیە.


هەروەها گوتی: زانستی پزیشکی و پزیشکی نەبەوی تەواوکەری یەکترین و هەردووکیان بەدرێژایی مێژووی موسڵمانان خزمەتی پێشکەش کردووەو زانایانی ئسلامیش بە بەشێکی گرنگ لەم چوارچێوەیە سەیریان کردووە.


گوتیشی: پێویستە لە ئێسادا چارەسەری پزیشکی بە پێی زانست و شارەزایی بڕوات، نەک دەرفەت بدرێتە کەسانێک بە ناشارەزایی و لە ژێر پەردەی بازرگانی کردن بە مرۆڤ دەست بۆ ئەم بوارە ببەن.


شایەنی باسە ئەم کۆڕبەندە یەک رۆژی خایاندو چەندین توێژینەوەی تایبەت بە ناوەرۆکی کۆڕبەندەکە پێشکەش کران.