بە بەشداری سەرۆکی حکومەت لە هەولێری پایتەخت فیستیڤاڵی یادی لەدایکبوونی پێغەمبەر(د.خ) بەرێوە دەچێت

ئەمرۆ 9ی10ی2022 بە ئامادەبوونی بەرێز مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم و د. پشتوان سادق وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی و د. عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان و ژمارەیەک لە وەزیرو پەرلەمانتارو ژمارەیەکی بەرچاوو لە مامۆستایانی ئایینی و شێخانی تەریقەت و کەسایەتی کۆمەڵایەتی و سیاسی و پێکاتەی تری نەتەوەیی و ئایینی فیستیڤاڵی یادی لەدایکبوونی پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) لە شاری هەولێر بەرێوە چوو.


لەو مەراسیمە بەرێز د.پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی وتەیەکی پێشکەش کردو تێیدا وێڕای پیرۆزبایی، باسی لە گرنگی مەراسیمەکەو رۆلی زانایان و پەیوەندی کوردو یادی مەولودو خزمەتی وەزارەتی ئەوقاف و حکومەتی هەرێم بۆ بەرەو پێشبردنی رەوشی ئایینی و مامۆستایانی ئایینی و ناوەندە ئایینیەکان کردو سوپاسی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کرد کە بۆ سێیەمین جارە لە یادی مەولود بەشداری دەکات.


 دواتر بەرێز د. عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان وتەیەکی پێشکەش کردو وێڕای پیرۆزبایی یادەکە، گوتی: کورد مێژووێکی شکۆداری هەیە لە یادو بەرزراگرتنی یادی لەدایکبوونی پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت)، سوڵتان موزەفەرەدین ناوێکی دیارەو دەستێکی باڵای هەبووە لە گەیاندنی ئەم کلتورە بە جیهای ئیسلامی، ئەمەش نیشانەی وەفاداری و خۆشحاڵی گەلی کوردە بۆ ئەم یادە، ئەمرۆش بەشداری سەرۆکی حکومەت لەگەڵ زانایانی ئایینی لەم یادە نیشانەی ئەوەیە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم بایەخێکی زۆری بۆ زیندوو راگرتنی یادو بۆنە ئایینەکان و رێزگرتن لە زانایانی ئایینی داوە.


هەروەها گوتی: کوردستان لە زۆر لاوە لەبەردەم هەڕەشە دایە، بەڵام لە دیدی ئێمەوە فکری توندڕەوی هەڕەشەیەکی مەترسیدارەو، هەندی جار ناحەزانی میللەتەکەمان و دەستی دوژمنان ویستویانە لەم رێیەوە کۆمەڵگەی ئێمە تێک بن و بەها ئەخلاقی و کۆمەڵایەتیەکانمان لەبەین ببەن، بەڵام خۆشبەختانە زانایانی ئایینی رۆڵێکی گەورەیان گێڕاوە لە گەیاندنی پەیامە جوانەکانی ئیسلام و پێشەوای مرۆڤایەتی حەزرەتی محمد (درودی خوای لەسەر بێت) بە کۆمەلگە، کە پەیامی ئاشتی و تەبایی و برایەتی و پێکەوەژیان بووە.


هەروەها گوتیشی: گرنگە بۆ ئێستای کوردستان هەمووان دەست لەناو دەست لە خزمەتی هەردوو لایەنی ئایینپەروەری و نەتەوەپەروەری خزمەتی دین و نیشتمان بکەین.


شایەنی باسە هەر لەم مەراسیمە رێزلێنانی سەرۆکی حکومەت پێشکەش بە زانایانی خانەنشین و قوتابیانی ئایینی و سەنتەرەکانی لەبەرکردنی قورئانی پیرۆز کراو بەچەند سرودو پەخشانێک فیشتیڤاڵەکە کۆتایی هات.