سەرۆکی یەکێتی زانایان دەڤەری سیدەکان بەسەردەکاتەوەو بەشداری مەراسیمێکی تایبەت بە یادی مەولود دەکات

ئەمرۆ 18ی10ی2022 بەرێز د. عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان بە یاوەری شاندێکی لقی سۆرانی یەکێتی زانایان سەردانی دەڤەری سیدەکانی کردو چەند دەزگاو دامەزراوەیەکی بەسەرکردەوەو بەشداری مەراسیمێکی تایبەت بە یادی مەولود کرد.


لەو سەردانەیدا سەرۆکی یەکێتی زانایان بەرێوەبەرایەتی ناحیەی سیدەکان و لێژنەی ناوچەی سیدەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانی بەسەر کردەوەو لە دانیشتنێکدا باس لە دۆخی ناوچەکەو هەماهەنگی نێوان دەزگاو دامەزراوەکان و رۆڵی مامۆستایانی ئایینی کردو هەستی پەرۆشی خۆیشی بۆ خەڵکی ناوچەکە دەربڕی کە بەهۆی تۆپبارانەوە دروست بووە.


دواتر لە هۆڵی ناوەندی لاوانی سیدەکان بەشداری لە مەراسیمی یادی لەدایکبوونی پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) کردو بەو بۆنەوە وتارێکی پێشکەش کردو تێیدا وێڕای دەستخۆشی لە بنەماڵەی مامۆستا مەلا عومەر خواکورکی بۆ رێکخستنی مەراسیمی مەولودو بیرەوەری مامۆستای کۆچکردوو، ئاماژەی بە رۆڵی زانایانی ئایینی لە دەڤەرەکە بەگشتی و مامۆستای ناوبراو بەتایبەت لە پرسە ئایینی و کۆمەڵایەتیەکان کرد.


دواتر باسی لە گەورەی کەسایەتی پێغەمبەرو دەربڕینی خۆشەویستی و پابەندی بە رێبازو مەنهەجی ئەو پێشەوایە کرد، کە بۆتە مایەی رەحمەت بۆ تێکرای جیهان، ئاماژەی بەوەشکرد کە پابەندی بە سوننەت و شارەزایی لە سیرەت و زیندوکردنەوەی رەوشتە بەرزەکانی هێمای خۆشەویستی پێغەمبەرە (درودی خوای لێ بێت).


شایەنی باسە لەم مەراسیمە ژمارەیەکی بەرچاو لە مامۆستایانی ئایینی و بەرپرسانی ئیداری و حزبی و کەسایەتی کۆمەڵایەتی و هاوڵاتیانی سنوورەکە بەشدار بوون و بۆ خوانی نیوەڕۆش میوانی خوانی بنەماڵەی مامۆستا مەلا عومەر خواکوڕکی بوون، کە وەک وەفایەک بۆ رۆحی مامۆستا ئامادە کرابوو.