بە ئامادەبوونی سەرۆکی یەکێتی زانایان مزگەوتی گوندی زەرواو لە دەڤەری زرارەتی کرایەوە

ئەرۆ 24ی10ی2022 بە ئامادەبوونی بەرێز د. عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان و حاجی تەیب زرار بەرێوەبەری گشتی ئەوقافی پارێزگای هەولێرو کاک نەجم عبدالله بەرێوەبەری ئەوقافی دەوروبەرو ژمارەیەکی بەرچاو لە مامۆستایانی ئایینی و کەسایەتی ئیداری و حزبی و کۆمەڵایەتی، لە مەراسیمێکی تایبەتدا مزگەوتی گوندی زەرواو لە دەڤەری زرارەتی کرایەوە.


وێڕای خوێندنی چەند ئایەتێک لە قورئانی پیرۆز، مامۆستا مەلا تەیب زیارەتی پێیشنوێژو وتارخوێنی مزگەوتی ناوبراو وتەی بەخێرهاتنی پێشکەش کردو دواتر بەرێز حاجی تەیب زرار بەرێوەبەری گشتی ئەوقافی پارێزگای هەولێر وتەی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی خوێندەوەو باسی لە رۆلی مزگەوت و مامۆستایانی ئایینی کرد، کە هەمیشە جێگەی خزمەت و بەرەو پێشوەچوونی کۆمەڵگە بوونەو وەزارەتی ئەوقاف و حکومەتی هەرێمیش پاڵپشتی رەوشی دینداری و ئیدارەدانی مزگەوت و شوێنە ئایینیەکانە.


دواتر بەرێز د. عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان وتەیەکی پێشکەش کردو تێیدا وێڕای پیرۆزبایی کردنەوەی مزگەوتی ناوبراو، تیشکی خستە سەر پێگەی مزگەوت لە دیدی ئیسلام و رۆڵی بەرچاوی لەناو کۆمەڵگەی کوردی لە ئاراستەکردنی کۆمەڵگەدا، دواتر باسی لە گرنگی بەرز راگرتنی یادی لە دایکبوونی پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) کردو چەندین نمونەی زیندووی لە ژیان و سیڕەی ئەو زاتە باس کرد، کە هۆکاری باشترکردن و بەرەو پێشبردنی رەوشی کۆمەڵایەتی و خێزانی کۆمەڵگەی کوردین، هەروەها ئاماژە بەو دا کە پێغەمبەر وەک رابەرو پێشەنگ و نمونەی جوانی ئەخلاق و بەها بەرزەکان شایستەی ئەوەیە هەموو کات یادی بکەین و سوود لە فەرمایشتەکانی وەربگرین.


شایەنی باسە ئەم مزگەوتە وێڕای دیزانێکی جوان کتێبخانەشی تێدایەو لە تابلۆیەکی تایبەتدا وێنەو ماوەی خزمەتی ئەو مامۆستا بەرێزانەشی تێدا هەڵواسراوە، کە پێشتر خزمەتیان کردووەو دیاریش پێشکەشی چەند کەسایەتیەکی گوندەکە کرا، جێدەستی خزمەتیان هەبووە، مەراسیمەکەش بەهەماهەنگی کۆمەڵەی قورئانخوێنان بەرێوە چوو، هەر بەو بۆنەوە چەندین پارچە پەخشان و سروود بەو بۆنەوە خوێندرانەوە.