سەرۆکی یەکێتی زانایان بەشداری فێستیڤاڵ و کۆڕبەندی یادی لەدایک بوونی پێغەمبەر(درودی خوای لەسەر بێت) دەکات

 ئەمڕۆ سێشەممە 25ی10ی2022 بەرێز د. عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان بەشداری لە  فێستیڤاڵ و کۆڕبەندێکی زانستی یادی لەدایک بوونی پێغەمبەر"دروودی خوای لەسەربێت" ، لە سەنتەری ڕۆشبیری زانکۆی سەڵاحەدین کرد، کە سەنتەری سەڵاحەدینی ئەیوبی بۆ توێژینەوە و لێکۆڵینەوە ئیسلامییەکان لە کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکان سازی کردبوو.


سەرەتای مەراسیمە بە چەند ئایەتێک لە قورئانی پیرۆز دەستیپێکرد، دواتر بەڕێز ڕاگری کۆلێژ (د. ئیدریس قادر حمدامین) وتارێکی پێشکەشکرد، کە تیایدا بەخێرهاتنی میوانەکانی کرد، هەروەها باسی گرنگی و بایەخی ئەم یادە پیرۆزە و ئەو جۆرە فێستیڤاڵ و کۆڕبەندانە کرد.


دواتر بەرێز د. عبداللە مەلا وەیسی وتەیەکی پێشکەش کردو تێیدا وێڕای دەستخۆشی لە سەنتەری سەلاحەددینی ئەییوبی و کۆلێژە زانستە ئیسلامیەکان، باسی لە گرنگی یادو بەرز راگرتنی لەدایکبوونی پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) کرد، بەتایبەت بە شێوەیەکی ئەکادیمی و زانستی و گەیاندنی پەیامەکانی بە کۆمەڵگەو بەو شێوە دروستەی ئامانجی شەریعەت و سووننەتی ئەو زاتە دەپێکن و جێی خۆیان دەگرن، هەروەها چەند نمونەیەکی لە ژیان و گوشتەی ئەو زانستە خستەڕوو کە ئاماژە بوون بە گەورەیی کەسایەتی پێغەمبەر (درودی خوای لێ بێت)، هیواشی خواست ئەم جۆرە هەوڵ و هەنگاوە زانستیانە بەردەوام بن بۆ ئەوەی بتواندرێ ئاستی رۆشنبیری و تێگەیشتنی زانستی و پەیامی میانڕەوی زیاتر لەناو کۆمەڵگە گەشە بکات.


دواتر پانێڵی فیشتیڤاڵەکە دەستی پێکردو لەلایەن بەرێز پ.ی.د. عباس علی سلێمان بەرێوە براو هەر یەک لە بەرێزان پ.د. عثمان محمد غریب و پ.د. حسن خالد مفتی و پ.ی.د. بەدر قادر سورچی و د. جعفر نجم الدین گوانیش بابەتی پانێڵەکەیان پێشکەش کرد.


شایەنی باسە له فێستیڤاڵەکەدا، چەند سرود و قەسیدەیەک تایبەت بە یادی لەدایک بوونی پێغەمبەر (د.خ) خوێنرایەوە، دواتر خەڵات بەسەر قوتابییە یەکەمەکانی پڕۆژەی خوێندنەوەی پەرتوکی "گوڵاوی سەرمۆر" و پڕۆژەی لەبەرکردنی فەرموودە، دابەشکراو لە کۆتاییشدا بڕوانامە بەخشرا بە بەڕێوەبەری پانێڵ و پانێڵیستەکان و سەرۆکی سەنتەری سەڵاحەدینی ئەیوبی و ئەندامانی لیژنەکانی زانستی و ئامادەکاری کۆڕبەند.