یەکێتی زانایان پانێڵێکی تایبەت رۆڵی فەتوا لە چارەسەرکردنی ناکۆکیەکان و یاسای توندوتیژی خێزانی و داتاکانی دادگا ساز دەکات

ئەمرۆ 1ی11ی2022 بە ئامادەبوونی بەرێز د. عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان و مامۆستا مەلا جەلال خەیلانی جێگری سەرۆک و بەشێک لە ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزی و سەرکردایەتی و مامۆستا سید موسا بەرپرسی لقی هەولێرو ژمارەیەکی بەرچاو لە مامۆستایانی ئایینی سنووری پارێزگای هەولێرو دەوروبەری لە هۆڵی بارەگای مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان، پانێڵێکی تایبەت بە ناونیشانی (رۆلی فەتوا لە چارەسەرکردنی ناکۆکیەکان و تاوتوێی یاسای توندوتیژی خێزانی و هەموارەکەی و داتاکانی دادگا) بەرێوە چوو.


پانێڵەکە بە ئامانجی بەرچاوخستنی هەوڵەکانی فەتوا لە چارەسەرکردنی گرفتە کۆمەڵایەتیەکان و بایەخدان بە توێژینەوەو بابەتە گرنگ و هەنووکەیی و زانستییەكان بوو، کە بۆ هەر یەک لە بەرێزان (پ.د. شێرزاد عزیز سلێمان مامۆستای زانکۆو د.ئاسۆ ئەمین عەلی توێژەرو پسپۆڕی مرۆناسی و کەلتور) رێکخرا بوو.


وێڕای خوێندنەوەی چەند ئایەتێک لە قورئانی پیرۆز، بەرێز د. عبدالله مەلا وەیسی وتەی کردنەوەی پانێڵی پێشکەش کردو سوپاس و دەستخۆشی لە هەردوو توێژەرو ئامادەبووان کرد لەسەر ئامادەبوون و بایەخدان بەم پرسە گرنگانە کە نیشانەی هۆشیاری و ئالوگۆڕی زانستی و رۆشنبیرین لەناو زانایاندا، هەروەها ئاماژەی بە رۆڵی زانایان و پێگەی فەتوا دا لە چارەسەرکردنی گرفتەکان و دروستکردنی هۆشیاری کۆمەڵایەتی.


دواتر بەرێز د. شێرزاد عزیز سلێمان بابەتێکی بەناونیشانی ( تەحکیم و هەوڵەکانی فەتوا سەبارەت بە چارەسەرکردنی ناکۆکیەکان لە هەرێمی کوردستان) پێشکەش کردو تێیدا بە وردی و بەشێوازێکی زانستی تیشکی خستە سەر ناوەرۆکی بابەتەکەو چەندین لایەنی ئەرێنی لە کارو هەوڵەکانی ئەنجومەنی باڵای فەتوا لەخزمەتکردنی کۆمەڵگەو ئاریشە خێزانیەکان و ئاسانکاری بۆ کاری دادگایی خستەر ڕوو، هەروەک چەندین بڕگەو بابەتی لەرووی یاساییەوە گەنگەشەو تاوتوێ کردو بە درێژی باسی لە شێوازی کاری فەتوا لە چارەسەرکردنی گرفتەکان کرد.


دوارت بەرێز د. ئاسۆ ئەمین توێژەرو خەبیری قەزایی بابەتێکی بە ناونیشانی (یاسای توندوتیژی خێزانی هەموارەکەی لە ژێر رۆشنایی قورئان و فەرموودەو داتاکانی دادگادا) پێشکەش کردو باسی لە پێویستی هۆشیاری لەمەڕ دەرچوواندنی یاساکان بە پێی دۆخ و تایبەتمەندی کۆمەڵگە کردو چەندین داتاو ئاماری وردی لەبارەی کارکردن و دۆسیەی توندوتیژی خێزانی لەناو دادگاکان خستەڕوو، هەروەک چەند بڕگەیەکی لە یاسای توندوتیژی خێزانی تاوتوێ کرد، کە لەگەڵ بنەما قورئانی و فەرمودەکان و واقعی کۆمەڵگە ناگونجێت و جێی خۆیەتی مامۆستایانی ئایینی و فەتوا بە گرنگیەوە لەسەریان بوەستێت و هۆشیاریش لەناو کۆمەڵگە دروست بکات.


هەر لە پانێڵەکەدا بەرێز د. حسن موفتی سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای فەتوا لە وتەیەکدا وێڕای دەستخۆشی لە بەشداربووانی پانێڵەکە، ئاماژەی بەهەندێ و کارو هەنگاوەکانی ئەنجومەنی باڵای فەتوا کردو بنەماو ئاراستەی فەتوادانی روون کردەوەو دڵنیاییشی دا بەهەموو توانایەک لەخزمەتی ئەو بوارە بەردەوام دەبن و درێغی ناکەن و بەو پەڕی ئەمانەت و بەرپرسیارێتی و دڵسۆزییەوە وەک ئەرکێکی ئیمانی و ئیسلامی خزمەتی نەتەوەو نیشتمان دەکەن.


شایەنی باسە دواتر مامۆستایانی ئایینی بەشدار بوو بە پرسیارو پێشنیارو سەرنجی پەیوەستەوە، پانێڵەکەیان دەوڵەمەند کردو لەو چوارچێوەیەشەوە سوپاس و پێزانینی یەکێتی زانایان لەلایەن جێگری سەرۆکى یەکێتی زانایان پێشکەش بە پێشکەشکارانی بابەتی پانێڵەکە کرا.