سەرۆکی یەکێتی زانایان سنوری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بەسەر دەکاتەوەو سیمینارێک لەزانکۆی زاخۆ پێشکەش دەکات

ئەمرۆ 28ی11ی2022 بەرێز د. عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ کۆمەڵێک سەردان و دیداری ئەنجام داو بەشداری کرد لە سیمینارێکی تایبەت بە گوتاری ئایینی لە نێوان دوێنێ و ئەمرۆ)، کە بەشی خوێندنی ئیسلامی لە کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتیەکان بەهەماهەنگی ناوەندی زاخۆ بۆ توێژینەوەی کوردی سازی کرد بوو.


لەمیانەی سەردانەکەی بۆ زاخۆ سەرۆکی یەکێتی زانایان لقی زاخۆی یەکێتی زانایانی ئایینی و بەرێوەبەرایەتی ئەوقافی زاخۆی بەسەر کردەوە لەلایەن بەرێز شێخ نەعیم بەرێوەبەری ئەوقاف و شێخ ممدوح شێخ عبدالجبار بەرپرسی لقی زاخۆی یەکێتی زانایان و ستافی لقەوە بە گەرمی پێشوازی کراو باس لە رۆلی زانایان و پێویستی هەماهەنگی نێوان یەکێتی زانایان و ئەوقاف کرا، هەروەها چەند پرسێکی دیکەی پەیوەست بە زانایان قسەو باسی لێوە کراو سەرۆکی یەکێتی زانایان رۆڵی زانایانی سنوورەکەی لە خزمەتی ئایینی و نەتەوەیی بەرز نرخاند.


دواتر سەرۆکی یەکێتی زانایان راگرایەتی فاکەڵتی زانستە مرۆڤایەتیەکانی بەسەرکردەوەو لەلایەن بەرێز د. هۆگر راگری کۆلێژ بە گەرمی پێشوازی کراو پاشان بەشداری پانێلێکی تایبەتی زانکۆی زاخۆ بەشی خوێندنی ئیسلامی فاکەڵتی زانستە مرۆڤایەتیەکان کردو تێیدا بابەتێکی گرنگی لەسەر (گوتاری ئایینی لە نێوان دوێنێ و ئەمرۆدا) پێشکەش کردو بەوردی و بە شێوەیەکی زانستی شرۆڤەی بابەتەکەو رەهەندە پەیوەستەکانی کردو لە دەرەنجامی خستنە ڕووی گوتاری ئایینی لە رابردوو و ئێستادا کۆمەڵێک پێوەرو بژاردەی وەک خاڵی پێشکەوتنی گوتاری ئایینی دەستنیشان کردو ئاماژەی بەوەشدا کە گوتاری ئایینی گوتارێکی کاریگەرەو لە رابردوو رۆڵی گەورەی هەبووە لە ئاراستەکردنی کۆمەڵگەو لە ئێستاشدا کاریگەری هەر ماوە، بەڵام ئەرکی هەنووکەیی زانایان و ناوەندە ئایینیەکانە بایەخی پتری زانستی و هاوچەرخانە بەو بوارە بدەن.


دواتر بەرێز سەرۆکی یەکێتی زانایان لقی 8ی پارتی دیموکراتی کوردستانی بەسەر کردەوەو لە لایەن بەرێز عەلی عەونی بەرپرسی لق بە گەرمیەوە پێشوازی کراو لە دانیشتنێکدا کۆمەڵێک پرس و پێشهات تاوتوێ کران.


دواتر سەردانی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆی کردو لەلایەن بەرێز گوهدار شێخۆ سەرپەرشتیاری ئیداری سەربەخۆی زاخۆ بە گەرمیەوە پێشوازی کراو لە دانیشتنێکدا رەوشی ئایینی سنوورەکەو رۆلی زانایانی ئایینی لە سەقامگیری کۆمەڵگەو بلاوکردنەوەی پەیامی میانڕەوی و پێکەوەژیان قسەو گفتوگۆی لەبارەوە کرا.