دوێنێ 29ی11ی2022 مەراسیمی واژۆکردن و بڵاوکردنەوەی دیوانی 36 زاناو نوسەرو ئەدیب و هۆزانڤان بە بەشداری و ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە بەرپرسانی ئیداری و حزبی و نوسەرو رۆشنبیرو مامۆستای زانکۆو زانای ئایینی لە زانکۆی زاخۆ بەرێوە چوو.
ئەم هەنگاوە زانستی و ئەدەبی و رۆشنبیرییە دەکرێ بە یەکێ لە دەسکەوتە ناوازەکانی زانکۆی زاخۆ هەژمار بکرێت، کە سەنتەری زاخۆ بۆ لێکۆڵینەوەی کوردی لە فاکەڵتی زانستە مرۆڤایەتیەکانی زانکۆی زاخۆ بە سپۆنسەری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بە ئەنجام گەیشتووەو لە مەراسیمێکی شایستە پرۆژەکە بڵاوکرایەوە.
ئەوەی مایەی خۆشحاڵیە لەناو ئەم ژمارەیەی دیوانەکان پتر لە 20 دیوان بەرهەم و دیوانی زانایانی ئایینی دەڤەری بادینانە، کە بەشی زۆریان وەفاتیان کردووەو لە ژیان نەماون.
ئەم دیوانانە زیاتر شیعری ئایینی و نیشتمانی و فەرهەنگی لەخۆ گرتووە، کە بە زمانی بادینی و لەسەردەستی مامۆستایانی ئایینی کتێبخانەی کوردی دەوڵەمەندتر دەکات.
ئەم هەنگاوە جێگەی دڵخۆشی و دەستخۆشی زۆرە بۆ هەموو ئەوانەی دەستی پاڵپشتی و هاوکاری و سەرپەرشتی و هەماهەنگیان هەبووە، بەتایبەت برای بەرێز د. فاخر حسن گولی کە زۆربەی هەر زۆری دیوانەکان لە لایەن بەرێزیانەوە ئامادە کراون و ماوەی پتر لە 4 ساڵەی سەرقاڵی ئەم پرۆەو هەنگاوەیە. |