لقی هەڵەبجەی یەکێتی زانایان بەیاننامەیەکی ناڕەزایی بڵاو دەکاتەوە

بەیاننامەی ناڕەزایی لقی هەڵەبجەی یەکێتی زانایان


تایبەت بە مەسەلەی جێندەرو هاوڕەگەزبازی و سوکایەتی کردن بە قورئانی پیرۆز و هەست و شعوری موسڵمانان .


بسم الله الرحمن الرحیم


(إِنْ أُرِيدُ إِلَّا الْإِصْلَاحَ مَا اسْتَطَعْتُ ۚ وَمَا تَوْفِيقِي إِلَّا بِاللَّهِ ۚ عَلَيْهِ تَوَكَّلْتُ وَإِلَيْهِ أُنِيبُ)


جەماوەری بەشەرەفی ئاین پەروەری کوردستان


بەرپرسان و کاربەدەستانی حکومەتی هەرێم


ئێمە وەک سەرجەم زانایان و مامۆستایانی مینبەرو مزگەوت بەرگریکاری سەرسەختی ئاین وبەهابەرەزەکانی کۆمەڵگە لە پارێزگای هەڵەبجە ودەڤەری هەورامان و شارەزوو لەسۆنگەی دڵسۆزیمانەوە بۆ ئایین وئەخلاقی گەلەکەمان و ئارامی و ئاسایشی هەرێمی کوردستان و پارێزگاری لە تەبایی و یەکڕیزی نێوماڵی کوردی ئێوە و گشت دڵسۆزانی گەلەکەمان لەم خاڵانەی خوارەوە ئاگاداردەکەینەوە:


 ١- هەڵسوکەوت وبانگەشەی کەمینەیەکی بەناو ڕۆشنبیر بۆ قێزەونترین ڕەفتار وئاکاری وەک جێندەر و هاورگەزبازی کە خۆی دەبینێتەوە لە ڕێگەدان بە مارەکردنی نێر لە نێر و مێ لەمێ  مێ لەگەڵ گشت شتێکی پەست ونزم  .


 ئەم بانگەشەو کاربۆکردنە لەم هەرێمەدا خەریکە بووەتە هەڕەشە بۆ سەر یەکڕیزی و ئاشتی کۆمەڵایەتی و هەڵ وەشاندنەوەی تۆکمەی خێزان، ئەم بانگەشەش لەسەردەستی  کەمینەیەکی نابەرپرس کە بە بێ هیچ پاساوێکی یاسایی و پشتێنەیەکی کۆمەڵایەتی هەرجارەو بەجۆرێک بێ شەرمانە پەلاماری ئایین و پیرۆزیەکانی زۆرینەی خەڵکی کوردستان دەدەن، بەبێ ئەوەی ڕەچاوی ئادابی گشتی و بنەماکانی ئایین وبەهابەرزەکانی ئەخلاقی  نەتەوەیی گەلی کورد بکەن سوکایەتی بەئیسلام و ئایەتەکانی قورئان و بنەما چەسپیو نەگۆرەکانی ئایینەکەمان دەکەن.


٢- ئەودەست وتاقمە نامۆیە بوونەتە بانگەشەکار بۆ بیرو بۆچوونی نەگونجاو لەگەڵ سەرتاپای بیری ئایین و ئەخلاقی کۆمەڵگەی کوردەواری،  بێ باکانە خێزان و خانەوادەی تۆکمەی پڕ لەڕێزی کۆمەڵگەکەمانیان کردووەتە ئامانج و دەیانەوێت تێکڕای کایە کۆمەڵایەتییە جوانەکانمان لێ بشێوێنن کە بۆ هەمیشەی بنەمای شکۆ و هێزو مانەوەی ئیرادەو خۆڕاگری کورد بووە لەبەردەم هەموو پاکتاوێکی دوژمنکارانەی ناحەزانی گەلەکەماندا.


٣- بۆیە وەک ئەرکێکی ئایینی و ئەخلاقی و بەگیانێکی نیشتمان پەروەرانە، ئێمەی زانایان و مامۆستایانی ئایینی کەهەمیشە لەسەنگەری یەکڕیزی و ئاشتی کۆمەڵایەتی و هەوێنی چارەسەری کێشەکانی خەڵک و نیشتیمانی خۆماندا بووین، هەر لێرەوە سەرجەم پێکهاتەکانی کۆمەڵگە لەڕەفتاری قێزەونی ئەم کەس و گروپانە ئاگادار دەکەینەوە پێش ئەوەی پێشهاتێکی نەخوازراو ڕوو بدات، چونکە ئایین و باوەڕو پیرۆزییەکانی ئیسلام بۆ خەڵکی کوردستان هێڵی سوورن و تا ئێستاش ئێمە هۆکاری هێورکردنەوەو دڵنەوایی سەرجەم پێکهاتەکانی ئەم نیشتیمانە خێر لەخۆنەدیوە بووین.


٤-  پێش هەموو کەسێک رووی داوا و مەبەستمان دەکەینە  لایەنە بەرپرسەکانی حکومەت و دەسەڵات بەجدی بێنە سەرخەت و ڕووبەڕووی ئەو مەترسییە گەورەیە ببنەوە کە هیچی لە مەترسییەکانی دووژمنانی میللەتەکەمان کەمتر نییە و بەو ڕۆحەوە هەستن بە لێپێچینەوەی خێرا ودەست بەجێ و سزادانی ئەوانەی سوکایەتی بەشکۆی مرۆڤ  و بێ ڕێزی بە پیرۆزییە ئایینییەکانی گەلەکەمان دەکەن بەئەرکی فەرمی خۆیان بزانن و کۆتایی بەخەمساردی و بێ باکی خۆیان لەبەرامبەریاندا بهێنن.


هەر بەم بۆنەیەوە داوا لە سەرجەم  دام و دەزگاکانی ڕاگەیاندن  و ڕۆژنامەنووسانی دڵسۆز و  ڕۆشنبیرانی بە ئەمەک وڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی دەکەین فاکتەرێکی بەهێز و یارمەتیدەربن بۆ پاراستی بارودۆخی هەرێمەکەمان و دەزگاکانیان نەکەنە دوانگەی نمایشکردنی ئەو کەس و کاراکتەرە نەخۆش و بێ شوناسانەی کەیاری بە ئارامی و ئاسایشی وڵاتەکەمان دەکەن.


کاری ئەوانە جگە لەزیان هیچ سوودێکی گشتی تیادا نییە، ئێوەش مەبنەبەشێک لەوان و مەبنە هۆکاری زیان گەیاندن بە بەرژەوەندی گەل و وڵات.


لەکۆتاییدا هەموومان لەناو کەشتیەکداین و هەڵەو کاری نابەرپرسانەی نەزان و نەفامێک تێکڕامان نغرۆ دەکات ئەگەر هۆشیار و وریانەبین، بۆیە وەک هەموو کاتێکیتر هۆشداری ئێمەش خەمخۆرییە بۆ هەرێمەکەمان و ئێستاو ئاییندەی گەلەکەمان.


لقی هەڵەبجەی یەکێتی زانایان


            2022/12/8