هەولێر: دیداری بۆردی باڵای وتاری هەینی لە دیوانی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی بەرێوە دەچێت

 


ئەمڕۆ یەکشەممە ١٨⁄ ١٢⁄ ٢٠٢٢، بەئامادەبوونی د. پشتیوان وەزیری ئەوقاف وکاروباری ئایینی و د. عبداللە مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی و مامۆستا بارزان باران سەرۆکی بۆردی باڵای وتاری ھەینی و ئەندامانی بۆردی باڵاو بۆردی پارێزگاکان دیدارێکی تایبەت بەوتاری هەینی بەرێوە چوو.


لەوتەیەکدا بۆ ئامادەبووان د. پشتیوان سادق جەختی کردەوە لەوەی ناکرێت کەسانێک لەژێر ناوی جیا بەبیانووی جیا شیرازەی کۆمەڵگا تێکبدەن، بەڵکو مامۆستاو زانایانی ئایینی پایە بەرزو یەکێتی زانایان و حکومەتی کوردستان، پارێزەرەی راستەقینەی کەلتوری جوانی میللەتەکەمان و ئایینی پیرۆزی ئیسلامن، ڕێگەش نادات ئەم ڕێڕەوە لەلایەن ھیچ کەس و لایەنێک بەلا ڕێدا ببرێت، دواتر تاوتوێی پەرەپێدان و بەرەو پێشبردنی کارەکانی بۆردی وتاری کردوجەختی لەکاری پێکەوەیی و ھەماھەنگی لەنێوان بۆردی باڵاو بۆردی پارێزگاکان کردەوە.


دواتر بەرێز د. عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان وتەیەکی پێشکەش کردو تێیدا وێڕای سوپاسی بۆردی باڵاو بۆردی پارێزگاکان، جەختی لە گرنگی وتاری هەینی و دۆخی ئێستاو ئاراستەی موسڵمانان لەرووی فکری و ئەمنی و پەروەردەیی و پیشەیی کردەوەو ئاماژەی بەوەشدا کە لە کۆنفرانسی 2016 بڕیاری دامەزراندنی بۆردی داوەو خزمەتی زۆری کردووە، بەڵام مانای وانیە بێ کەم و کوڕییە، بەڵکو ئەم دیدارە بۆ دەستنیشانکردنی لایەنە نەرێنیەکان و بەرەو پێشبردنی زیاتری بۆرد بێت، چونکە ئامانج لەم بۆردە رێکبخرێ نەک یەکبخرێ، ئەمەش بەرتەسککردنەوەی فەزای ئایینی و پەیامی مامۆستای ئایینی نیە، بەڵکو هاوکار بوونە بۆ زیاتر بایەخدان بە وتار، وە پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) بایەخێکی زۆری بە وتاری هەینی داوە.


لەبەشێکی قسەکانی گوتی: گرنگە وتاری هەینی خۆی بپارێزێت لە سێ شت: ناوزڕاندن و تەشهیر کردن، توندڕەوی و بڵاوکردنەوەی بیری تەکفیری، فەتوادان و حوکمکردن لەسەر خەڵک، ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ وتاربێژان کە نەکەونە ناو کەم و کوڕی و پاشەکشەوە.


سەرۆکی یەکێتی زانایان گوتیشی: گرنگە ئەم دیدارە بەوردی کار لەسەر پرسی وتاری هەینی بکات و لایەنە ئیجابی و سەلبیەکان دیاری بکات و هەنگاوەکانی ئاییندەی بە شێوەیەکی تۆکمەتر بنێت.


دواتر بەرێز د. بارزان باران پوختەیەکی لە کارو هەنگاوەکانی بۆردی باڵای وتاری هەینی کردو تێکڕای رەهەندو ئامانج و گرفت و ستراتیژی وەزارەتی شیکردەوەو بەدوای لە شێوەیەکی پانێل بۆردی پارێزگاکان و مامۆستایانی بەشدار بوو بەتێرو تەسەلی گەنگەشەی بابەتەکەیان کردو بە چەندین راسپاردە کۆتایی بە دیدارەکە هات.


شایەنی باسە بۆردی باڵای یەکخستنی وتار سەربەخۆیەو بەبڕیاری کۆنفرانسی ڕێکخستنی گوتاری ئایینی ساڵی ٢٠١٦  دامەزراوە.