شاندێکی باڵای ئەنجومەنی پیرانی موسڵمانان سەردانی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان دەکات

ئەمرۆ 18ی1ی2023 بەرێز د.عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان بە ئامادەبوونی مامۆستا مەلا جەلال خەیلانی جێگری سەرۆک و ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزی و سەرکردایەتی و بەرپرس و کارگێرانی لقی هەولێری یەکێتی زانایان پێشوازیان لە شاندێکی باڵای ئەنجومەنی پیرانی موسڵمانان بەسەرۆکایەتی بەرێز د.محمد عبدالسلام ئەمێنداری گشتی ئەنجومەنەکە و شاندێکی یاوەری کرد.


سەرەتای دانیشتنەکە بەرێز د. عبدالله مەلا وەیسی بەناوی یەکێتی زانایانەوە بەگەرمی بەخێرهاتنی شاندەکەی کرد بۆ هەرێمی کوردستان و هەولێری پایەتەخت کە شاری ئاشتی و پێکەوەژیان و شارستانیەت و گەورە زانایان و بیری میانڕەوییە، هەروەها پوختەیەکی لە مێژوو و کارو چالاکی و هەنگاوەکانی یەکێتی زانایان لەرووی پیشەیی و پەیوەندی لەگەڵ جیهانی ئیسلامی و بەتایبەت مەشیخەی ئەزهەرو وڵاتی میسڕ خستەرڕوو، پەیوەندی نێوان کوردو میسڕو زانایانی کوردستان و ئەزهەری شەریفی وەک بەشێکی گرنگی مێژووی نێوان یەکێتی زانایان و گەورە زانایانی ئەزهەر وەسف کرد.


دواتر ئاماژەی بە رەوشی ئایینی لە هەرێم و کارو ئامانجی زانایان لە برەودان بە بیری میانڕەوی و یەکتر قبولکردن و بەستنی کۆنگرەو کۆنفرانستی زانست و هاوچەرخ و بایەخدان بە پرسی فەتواو هۆشیارکردنەوەی موسڵمانان لە بیری توندڕەوی کردو بە گرنگی زانی ئەم جۆرە پەیوەندی و هەماهەنگی و ئاگالێبوونە بۆ بەرژەوەندی موسڵمانان بەردەوام بێت، هەروەها باسی لەم پێکەوەژیانە کرد کە لە کوردستان هەیەو نمونەیەکی جوانی لێکەوتەی خزمەت و تێگەیشتنی زانایانی کوردە بۆ خزمەتی مرۆڤایەتی و کۆمەڵگە.


دواتر بەرێز د. محمد عبدالسلام ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی پیرانی موسڵمانان سوپاسی پێشوازی گەرمی یەکێتی زانایانی کردو گوتی: لەدڵەوە خۆشحاڵم لە کوردستان و لە خزمەتی ئێوەدام، بۆ من شانازی و جێی سەرسامیەکی گەورەیە کە دەبینم کوردستان و شاری هەولێر بەم شێوەیە سەردەمیە پێشکەوتووە.


لە بەشێکی تری قسەکانی ئاماژە بە رۆڵ و کاریگەری ئەزهەر لە جیهانی ئیسلامی دا، کە بە حیکمەت و لێزانی و میانڕەوی لەسەرجەم بوارەکان کار دەکات و هەنگاو دەنێت، ئەنجومەنی پیرانی موسڵمانانیش بەشێکی ترە لە ئەزهەر کە شێخی ئەزهەر سەرپەرشتی دەکات و لە بورای مرۆیی و بڵاوکردنەوەی بیری میانڕەوی و دیالۆگ و پێکەوەژیان و لێکنزیکردنەوەی هزرو مەزهەبە جیاوەکان و لەخزمەتی موسڵمانان کار دەکات.


هەروەها گوتیشی: پەیوەندی زانایانی کورد لەگەڵ ئەزهەر بە گرنگ دەبینین و دڵنیام شێخی ئەزهەر رێزی تایبەتی بۆ رۆڵ و پێگەی ئێوە هەیە، چونکە زانایانی کورد لەناوچەکە خاوەن سەنگ و پێگەیەکی گەورەو کاریگەرن بەتایبەت بۆ پەیڕەوانی سووننە مەزهەب، بۆیە ئامادەبین بۆ هەر کارو هەنگاوێک لە چوارچێوەی خزمەتی ئیسلام و موسڵمانان بێت.


شایەنی باسە ئەنجومەنی پیرانی موسڵمانان بارەگای سەرەکی لە وڵاتی ئیماراتەو شێخی ئەزهەر سەرپەرشتی دەکات لە بواری مرۆیی و پێکەوەژیان و نەهێشتنی ناکۆکی و توندڕەوی کار دەکات و بە ئامانجی برەودان بە پەیوەندیەکان سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووەو بڕیار وایە چەند دام و دەزگایەکی فەرمی بەسەر بکەنەوە.