یەكێتی زانایان سەری ساڵی كۆچی لە موسڵمانان پیرۆز دەكات

بەناوی خوای مەزن‌و دلۆڤان
[إِنَّ عِدَّةَ الشُّهُورِ عِندَ اللّهِ اثْنَا عَشَرَ شَهْرًا فِي كِتَابِ اللّهِ]
سەری ساڵی نوێی كۆچی، (1432) ساڵ بەسەر یادی كۆچی پێغەمبەری خۆشەویستمان لە مەككەی پیرۆزەوە بۆ سەر شاری مەدینە تێپەڕ دەكات، كە ئەم رووداوە مەزنە وەرچەرخانێكی گەورەی مێژوویی بوو لە مێژووی مرۆڤایەتیدا‌و، سەرەتای بنیادنانی كۆمەڵگایەكی راست‌و خاوێن‌و پڕ لە خۆشەویستی‌و هاوكاری‌و تەبایی بوو.
لە دوای كۆچی پێغەمبەر درودی خوای لەسەر بێت، بۆ یەكەمجار كۆمەڵگایەكی پڕ لە پێكەوەژیان لە نێو ئایینە جیاوازەكان هاتە دامەزراندن، ئەمەش شانازییەكی گەورەی ئیسلامە، كە بەردی بناغەی یەكەم وڵاتی موسڵمانان بە باوەڕبوون بە گیانی برایەتی‌و هاوكاری‌و پێكەوەژیان بووە.
لەم یادە پیرۆزەدا وێڕای پیرۆزباییكردنمان لە موسڵمانان بە گشتی‌و موسڵمانانی كوردستان بەتایبەتی، هیوادارین یادی كۆچكردنی پێغەمبەری خوا گوڕ‌و تینی تازەمان پێببەخشێت، بۆ ئەوەی شوێنكەوتەیەكی دڵسۆزی بین بە كۆچكردن لە گوناه‌و سەرپێچییەوە بۆ تەقواو خواناسی‌و خۆشەویستی خوا‌و پێغەمبەری خوا، هەروەها گیانی هاوكاری‌و لێبووردەیی‌و خۆشەویستی لە ناخمان قوڵتر ببێتەوە‌و، خۆشەویستی مرۆڤایەتی‌و قبوڵكردنی یەكتری‌و پێكەوەژیانی ئاشتیانە لە باوەڕ‌و ئیمانمانەوە هەڵبقوڵێت.
لە خوای گەورە داواكارین لەم یادە پیرۆزەدا فەڕ‌و بەرەكەتی خۆی بەسەر كوردستان‌و گەلەكەی داببارێنێت‌و، ئاشتی‌و خۆشەویستی زیاتر لە جیهان‌و لە نێو نەتەوە‌و ئایین‌و مەزەبە جیاوازەكان رەنگ بداتەوە.


مەكتەبی تەنفیزی
یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان

‏1‏/1‏/1432 كۆچی