بەرەبەیانی ئەمرۆ 6ی2ی2023 بومەلەرزەیەکی بەهێز چەندین شاری لەهەردوو وڵاتی تورکیاو سوریا هەژاندو بەهۆیەوە قوربانیەکی زۆری گیانی و ماددی بەدوای خۆیدا هێنا، بەو بۆنەوە یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان پەیامێکی هاوخەمی بلاوکردەوە ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتی:
بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان
لە ئەنجامی ئەو بومەلەرزەیەی بەرەبەیانی ئەمرۆ چەندین پارێزگای لە باکورو رۆژئاوای کوردستان هەژاندو بەهۆیەوە زیانێکی گەورەی لێ کەوتەوەو بەهەزاران کەس بوونە قوربانی، بەو بۆنەو لەروانگەی برایەتی ئایینی و ئینسانیەوە پرسەو هاوخەمیمان ئاراستەی زیانلێکەوتووان دەکەین و داوای شیفای بەخێر بۆ برینداران و پلەی شەهادەت بۆ قوربانیان دەخوازین، ئەمەش رووداوێکی سروشتی و وانەیەکی گەورەیە بۆ بەخۆداچوونەوەو وازهێنان لە گوناهو تاوان و گەڕانەوە بۆ لای خوای باڵا دەست.
هاوکاری کردن و بەهاناوەچوونی خەڵکی لێقەوماو لەم جۆرە کارەساتانە خێرێکی مرۆیی و ئەرکێکی ئایینی گەورەیە، هەر لێرەشەوە سوپاسی حکومەتی هەرێم دەکەین کە بەزوویی و بەپێی توانای خۆی تیمی هاوکاری و هەڵوێستی بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی بومەلەرزەکەی راگەیاند، تکاشمان وایە خێرخوازان و دەوڵەمەندان هاوکارو پشتیوانی لێقەوماوانی ئەم کارەساتە بن.
خوای گەورە هەموو لایەک بپارێزێ لە بەڵاو بومەلەرزەو کارەساتی لەم شێوە، بەتایبەت هاوڵاتیانی سنووری بومەلەرزەکە.
یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان
6ی2ی2023 |