یەکێتی زانایان و وەزارەتی ئەوقاف  بڕیاریاندا نوێژی غائیب لەسەر قوربانیانی بومەلەرزە بکرێت

ئەمرۆ 8ی2ی2023 لە پەیامێکدا یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی بڕیاریاندا لە هەرێمی کوردستان وەک ئەرکێکی ئایینی و مرۆیی نوێژی مردوو لەسەر قوربانیانی بومەلەرزەکەی باکورو رۆژئاوای کوردستان بکرێت.


لە پەیامەکە هاتووە: وەک ئەرکێکی ئایینی و مرۆیی (نوێژی مردوو- صلاة الغائب) لە سەر قوربانیانی بومەلەرزە لە مزگەوتەکانی هەرێمی کوردستان ئەنجام بدرێت و دوعای خێر بۆ برینداران بکرێت.


شایەنی باسە پێشتریش یەکێتی زانایان پەیامێکی هاوخەمی بۆ کەس و کاری قوربانیان بڵاو کردەوەو تێیدا رایگەیاند: پرسەو هاوخەمیمان ئاراستەی زیانلێکەوتووان دەکەین و داوای شیفای بەخێر بۆ برینداران و پلەی شەهادەت بۆ قوربانیان دەخوازین، هەروەها لە پەیامەکە ئەوەشی راگەیاند کە هاوکاری کردن و بەهاناوەچوونی خەڵکی لێقەوماو لەم جۆرە کارەساتانە خێرێکی مرۆیی و ئەرکێکی ئایینی گەورەیەو تکامان وایە خێرخوازان و دەوڵەمەندان هاوکارو پشتیوانی لێقەوماوانی ئەم کارەساتە بن.