یەکێتی زانایان لەپێناو مامۆستایانی ئایینی خۆبەخش نوسراوێک ئاراستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران دەکات

 بە نوسراوێکی فەرمی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە ئاراستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی کردووە، سەبارەت بە دۆزینەوەی چارەسەرێکی گونجاو بۆ ماۆمستایانی ئایینی خۆبەخش لە مزگەوتەکانی هەرێمی کوردستان.


لە نوسراوەکە ئاماژە بەوە کراوە، کە چەندین ساڵە دامەزراندن راگیراوەو ساڵانەش رێژەیەکی مامۆستایانی ئایینی کۆچی دوایی دەکەن و ژمارەیەک خانەنشین دەبن، ئەمەش وا دەکا گرفتی کەمی میلاک لە مزگەوتەکان رۆژ بە رۆژ زیاتر بێت، بە ناچاری دەبێ بە مامۆستایانی ئایینی خۆبەخش شوێنە بەتاڵەکان پڕ بکرێنەوەو ماوە ماوە بڕە هاوکاریەک لەلایەک وەزارەتی ئەوقافەوە بۆیان دابین دەکرێت بەڵام پێداویستیان پڕ ناکاتەوە.


لەبەشێکی تری نوسراوەکە هاتووە: داواکارین کە بفەرموون بۆ چارەسەرکردنی ئەک کێشەیەو دۆزینەوەی رێگا چارەیەکی گونجاو بۆ پڕکردنەوەی کەمی میلاکی مزگەوتەکانی هەرێمی کوردستان، بە دامەزراندنی ژمارەیەک پێشنوێژو وتارخوێن چ بە هەمیشەیی وەیا گرێبەست و بە ئالیەتێکی گونجاو.


شایەنی باسە یەکێتی زانایان هەست بەوە دەکات کە مامۆستایانی ئایینی خۆبەخش خزمەتێکی بەرچاویان هەیەو هەوڵی زۆریشی داوە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ خزمەتکردنیان و بەردەوامیش دەبێت.